سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران لەڕێی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتییەوە 600 ملیۆن دینار بۆ دەستپێكردنەوەی قەرزی بچوك تەرخان دەكات.
هەمزە مەغدید بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندوە ”دوای هاتنی قەیرانی دارایی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێدانی قەرزی بچووكی ڕاگرت، بەڵام دواتر وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی چەندین جار داوای دەستپێكردنەوەی قەرزەكەی لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد و، وەزارەت داوای تەرخانكردنی 300 ملیۆن دیناری بۆ هەر مانگێگ كردبوو، تا پێدانی قەرز بەردەوام بێت، بەڵام سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران داوای رونكردنەوەی لە وەزارەتی دارایی كرد، بۆئەوەی بزانێت توانای حكومەت بۆ دەستپێكردنەوەی قەرزی بچوك، چەندەیە”.
وتیشی”وەزارەتی دارایی بە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ڕاگەیاندووە، كە دەتوانێ بۆ هەرچوار مانگ بڕی 600 ملیۆن دیناری عیراقی بۆ وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی خەرج بكات، بەڵام هێشتا بڕیاری كۆتایی بۆ دەرنەچووە. چاوەڕێ دەكەین بڕیاری خەرجكردنی ئەو پارەیە بدرێت و ژمارەیەك هاووڵاتی لە وەرگرتنی قەرزی بچوك سودمەند بن”.
هەمزە مەغدید دەشڵێت”قەرزەكە بۆ 55 پڕۆژەی بچوكە و هەر هاووڵاتییەك مەرجی كردنەوەی پڕۆژەی بچوكی هەبێت، دەتوانێت داواكاری پێشكەش بكات و بەگوێرەی پڕۆژەكە لە پێنج ملیۆن دینارەوە تا 15 ملیۆن دیناری پێ دەدرێت”.