تائێستا حکومەتی ناوەندی عێراق بە رەسمی دانی نەناوە بە کردنەوەی مەرزی سەیرانبەندا


 بەڕێوەبەری گومركەكانی پارێزگای سنە ئاشكریدەكات، كاروبارەكانی سنووری سەیرانبەن لە لایەن ئێرانەوە تەواوبووەو چاوەڕێی حكومەتی عیراقن بۆ ئەوەی بە رەسمی ئەو خاڵە سنووریە بناسێنێت.

نیعمەتوڵا خاجەیی بەڕێوەبەری گومركەكانی پارێزگای سنە بە ئاژانسی میهری راگەیاندوە، ماوەی چەند ساڵێكە بەشێوەی ناڕەسمی سنووری سەیرانبەن لەگەڵ هەرێمی كوردستان كراوەتەوەو ئاڵوگۆڕی كاڵاو شمەكی تێدا دەكرێت و بۆ بەرەسمی ناساندیشی زۆربەی كارەكانی لەلایەن حكومەتی ئێرانەوە تەواوكراوە، بەڵام تاوەكوو دەوڵەتی ناوەندی عێراق بەرەسمی دانی پێدانەنێت ناكرێت هیچ كارێكی یاسای لەم سنوورەدا ئەنجام بدرێت.

هەر لەمبارەوە موحسن بیگلەری نوێنەری سەقز و بانە لە مەجلیسی شورای ئیسلامی ئێران رایگەیاندوە، لە میانەی سەردانی پارێزگاری سلێمانی بۆ شاری سنە، بەڵێن دراوە كە ئەم بابەتە لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە چارەسەر بكرێت و ئێستەش ئێمە چاوەڕوانی وڵامی ئەوانین.