ئێران ئەمساڵ 50 ملیار دۆلاری لە فرۆشتنی نەوت دەست دەكەوێت


بێژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران رایدەگەیەنێت، ئەمساڵ داهاتی فرۆشتنی نەوت دەگاتە 50 ملیار دۆلار‌و پێشبینی ئەوەش دەكات، نرخی یەك بەرمیل نەوت لە دەوروبەری 55 دۆلاردا جێگیر ببێت. 

(زەنگەنە) ئاماژەی بەوەشكردوە، لە پێنج مانگی یەكەمی سەرەتای ساڵی 2013دا، ئێران رۆژانە یەك ملیۆن‌و 200 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەكردوە، بەڵام لەماوەی چوار مانگی رابردوودا ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران گەیشتۆتە 2 ملیۆن‌و 800 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، بەوپێیەش تێكڕای هەناردەی نەوتی ئێران لەدوای هەڵگرتنی گەمارۆ ئابووریەكان بەبڕی یەك ملیۆن‌و 600 هەزار بەرمیل زیادیكردوە.

 لەبارەی داهاتی نەوتیشەوە وتی، پێشبینی دەكرێت ئەمساڵ نرخی یەك بەرمیل نەوت لە دەوروبەری 55 دۆلاردا بمێنێتەوە، بەوپێیەش ئەو داهاتەی ئێران لە فرۆشتنی نەوتەوە دەستی دەكەوێت دەگاتە 50 ملیار دۆلار. 

وەزیری نەوتی ئێران ئاماژەی بەوەشكردوە، كە پێدەچێت رێكەوتنی وڵاتانی ئۆپیك‌و دەرەوەی ئەو رێكخراوە كە تایبەتە بە كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت ماوەكەی درێژ بكرێتەوە‌و لەنیوەی دووەمی ئەمساڵیشدا كاری پێبكرێت.