لەماوەی 10 مانگی ڕابردوودا لە گومركەكانی كوردستانەوە بە بەهای 288 ملیۆن دۆلار كەلوپەل هەناردەكراوە


بەڕێوەبەری گشتی گومركەكانی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەماوەی 10 مانگی ڕابردوودا لە گومركەكانی پارێزگای كوردستانەوە 556 هەزار تۆن كەلوپەل هەناردەكراوە. 

(بەختیار ڕەحمانی پوور) بە ئاژانسی مێهری راگەیاندوە، لەماوەی 10 مانگی رابردوودا 556 هەزار تۆن كاڵا‌و كەلوپەل لە گومرگەكانی پارێزگای كوردستانەوە هەناردەكراوە‌و بەهای ئەو كاڵایانەش 288 ملیۆن دۆلار بووە. 

وتیشی، ڕێژەی تڕانزێتی ناوخۆیی لە باشماخەوە 314 هەزار تۆن بووە كە بایی 252 ملیۆن دۆلار بووە، هەروەها ترانزیتی دەرەوەش 770 هەزار تۆن بووە‌و بەهای ئەو كاڵایانەش 2 ملیار‌و 180 ملیۆن دۆلار بووە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە باشماخ تاكە دەروازەی ترانزێتی پارێزگای كوردستانە. بەڕێوەبەری گشتی گومركەكانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە سنوورەكانی دیكەی پارێزگاكەیانەوە 455 هەزار تۆن كاڵا كە بەهاكەیان 374 ملیۆن دۆلار بووە هەناردەكراوە، كە بەراورد بەساڵی رابردوو بەڕێژەی لەسەدا 29 زیادیكردوە.

(ڕەحمانی پوور) باسی لەوەشكردوە، كە زۆرترین كەلوپەلی هەناردەكراو لە سنوورەكانی كوردستانەوە كەلوپەلی بیناسازی‌و كشتوكاڵی بووە. هەروەها زیاترین كەلوپەلی هاوردەكراویش، كەلوپەلی كارگەكان‌و ئاسنی كۆن‌و كاغەزی كۆن‌و برنج بووە.