سلێمانی: زیاتر لە (10) حاڵەتی مایەپوچبون رویداوە


مایەپوچبونی بەڵێندەران‌و سەرمایەداران‌و داخستنی كۆمپانیا‌و كارگە‌و مۆڵ لە ماوەی دو ساڵی رابردودا روداوی گەرمی كەرتی ئابوری هەرێمی كوردستان بوە.

لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا لە شاری سلێمانی دو حاڵەتی مایەپوچبون رویانداوە، یەكێكیان (5) رۆژ بەر لە ئێستا رویدا‌و بازرگانێك بەبڕی نزیكەی (26 ملیۆن) دۆلار مایەپوچ بو، سەرمایەدارێكی بەبڕی نزیكەی (ملیۆنێك) دۆلار مایەپوچ بو. 

پێشتریش لەكاتی ئاڵوگۆڕی دراودا لەڕێگەی حەواڵەوە لەنێوان ئێران‌و دوبەیدا، بڕی (300 ملیۆن) دۆلاری سەرمایەدارێكی تر لەلایەن ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیراو بەو هۆیەوە پارەیەكی زۆری خەڵك فەوتا.

سیروان محەمەد سەرۆكی ژوری بازرگانی سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ ( سایتی سبەی) رایگەیاند، ئەگەر بانكەكان سیستمێكی نێودەوڵەتی باشیان هەبێت، ئەم حاڵەتانە رویان نەدەدا، ئەركی حكومەتە بەیاسایەكی توندوتۆڵ رێنمایی بۆ نوسینگەكانی دراو دەربكات.

شارەزایانی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو هۆكار مایەپوچبونی بازرگانان بۆ نەبونی سیستمی بانكی گونجاو و هاتنەناوەوەی كەسانی بێ پارە بۆ بازاڕی دراو دەگەڕێننەوە.