سویسرا ملیۆنێك دۆلار بۆ پڕۆژەكانی ئاوی كوردستان دابین دەكات و مانگی داهاتووش دەست بەجێبەجێكردنی پرۆژەكە دەكرێت.
بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێم، ئاژانسی پەرەپێدانی سویسری بۆ ئاو بەهاوكاریی رێكخراوی یۆنسكۆ پڕۆژەیەكی گرنگ لە كوردستان بە ئەنجام دەگەیەنن.
ئەوەشی رونكردۆتەوە كە عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پێشوازیكردوە لە ئەندریاس لوك شارەزا لە رێكخراوی یۆنسكۆ (بارەگای گشتی عەممان- بەغدا) بە یاوەریی دكتۆر رەزوان خەلیفە شارەزا لە هەمان رێكخراو، لە دیدارەكەدا باس لەوردەكاریی پڕۆژەكە كراوەو وەزیری كشتوكاڵیش وێڕای خۆشحاڵی خۆی دەربڕوە كە دەست بەپرۆژەكە بكرێت و بە هەنگاوێكی گرنگیشی وەسفكردوە بۆ بووژاندنەوەی ئاوی ژێر زەوی.
پڕۆژەكە بریتییە لە دیراسەكردن و بووژاندنەوەی ئاوی ژێرزەوی لەهەرێمی كوردستان، ئەم پڕۆژەیەش دوای هەوڵی بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەكانی ئاو دێت كە لە كۆتایی كۆنگرەی ئاو لەستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید پێشكەشی بە ئاژانسی پەرەپێدانی سویسری كردبووو لە مینحەی ئەوروپی بەهاوكاریی رێكخراوی یۆنسكۆ جێبەجێ دەكرێت، قۆناغی یەكەم و دووەم تەواو بووە و دەستدەكرێت بە قۆناغی سێیەم، لەم قۆناغەی پڕۆژەكەش بڕی زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلاری بۆ دابینكراوە بەنیازیشن رۆژی 6ی ئاداری داهاتوو لەڕێورەسمێكدا دەست بە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە دەكرێت.