ناردنی نەوتی سپی لە بەغداوە بۆ سلێمانی راگیرا


بەڕێوەبەری نەوت‌و كانزاكانی سلێمانی ئاشكرای دەكات: بەبڕیاری حكومەتی عیراق ناردنی نەوتی سپی بۆ پارێزگای سلێمانی راگیراوە.

محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری نەوت‌و كانزاكانی سلێمانی بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندوە: ماوەی چەند رۆژێكە بەغدا بڕیاری راگرتنی بەشە نەوتی پارێزگای سلێمانیداوە، بەر لەدەركردنی ئەو بڕیارەش، لەچەند رۆژی رابردوودا نزیكەی 8 بۆ 9 تانكەر نەوتی سپی بۆ سلێمانی ناردوە‌و بەسەر چوارقوڕنە‌و پارێزگای هەڵەبجەدا دابەشكراوە.

بەڕێوەبەری نەوت‌و كانزاكانی سلێمانی ئاماژە بەهۆكاری راگرتنی بەشە نەوتی هاوڵاتیان لەلایەن بەغداوە كرد‌و وتی: هۆكارەكەی ئەوەیە كە حكومەتی عیراق ئەو بڕە نەوتەی دابینی دەكات دەیكڕێت، بۆ ئەوەش پارەیەكی زۆری لەسەر دەكەوێت، سەرەڕای ئەوەش بەهۆی ئازادكردنی چەند ناوچەیەكی پارێزگای موسڵ، حكومەتی عیراق ناچارە بەشە نەوتی ئەو پارێزگایەش دابین بكات، بۆیە ئەركێكی قورسی دەكەوێتە سەر.

لەبارەی هەوڵەكانیان بۆ دابینكردنی بەشە نەوتی هاوڵاتیانی شاری سلێمانی، محەمەد حەسیب وتویەتی: تائێستا هیچ بەرنامەیەك نیە كە ئاخۆ كەی لەناو شاری سلێمانی دەست بەدابەشكردنی نەوت دەكەن، بەڵام بەردەوام لە پەیوەندیدان كە هەوڵ بدرێت بەشە نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیان دابین بكرێت‌و راستەوخۆ بەسەریاندا دابەش بكرێت.