عێراق خۆی لە رێككەوتنەكەی ئۆپێك دەدزێتەوە

مانگێك و چەند رۆژێك بەسەر  جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەندامانی ئۆپێك بۆ دابەزاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت تێپەڕی. شارەزایەكی كاروباری ئۆپێك پێشبینی دەكات لە ماوەی چارەگی یەكەمی ئەمساڵدا تاڕادەیەكی زۆر وڵاتانی ئەندام پابەندبن بە رێككەوتنەكە.



رێكخراوی ئۆپێك لە 30ی نۆڤەمبەری 2016 و دواتر لە 10ی دیسەمبەری هەمان ساڵدا دوو رێككەوتنی گرنگی واژۆ كرد، ئەوەی یەكەمیان ناوخۆیی بوو، دووەمیشیان لەگەڵ بەرهەمهێنەرە سەرەكییەكانی دەرەوەی ئۆپێك بوو جگە لە ئەمریكا، بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت. 



بەپێی هەردوو رێككەوتنەكە، دەبێت لەسەرەتای ئەمساڵ وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت كە واژۆیان لەسەر رێككەوتنەكە كردووە، 1.8 ملیۆن بەرمیل نەوت رۆژانە لە ئاستی بەرهەمهێنان كەم بكەنەوە.



ئەمەش لەپێناوی سەقامگیركردنی نرخی نەوت كە لە قازانجی وڵاتانی بەرهەمهێنەر بێ‌، بەڵام بەپێی قسەی ئەلێكساندەر نۆڤاك، وەزیری وزەی رووسیا، بەرهەمهێنەرانی نەوت لە مانگی رابردوودا رۆژانە تەنیا 1.4 ملیۆن بەرمیل نەوتیان كەم كردووەتەوە.



رووسیا كە بەپێی رێككەوتنەكە بڕیاری داوە 300 هەزار بەرمیل نەوت كەم بكاتەوە، مانگی رابردوو رۆژانە تەنیا 100 هەزار بەرمیل نەوتی كەم كردووەتەوە. شوان زوڵاڵ، خاوەنی كۆمپانیای كاردۆخی بۆ راوێژكاریی وزە لە بەریتانیا بە (رووداو)ی راگەیاند، خوێندنەوە بۆ رووسیا زۆر ئەستەمە، هاوكات ئەستەمیشە رووسیا 100% پابەند بێت بە رێككەوتنەكە، بەهۆی ئەوەی كۆنترۆڵی نەوتی رووسیا بە تەواوەتی لەدەستی حكومەت نییە”.



سەبارەت بە پابەندبوونی ئەو وڵاتە لە داهاتوودا، زوڵاڵ گوتی “رووسیا چاوەڕێی گۆڕانكارییەكانی بازاڕی نەوت دەكات، ئەگەر لە دوو مانگی داهاتوودا گۆڕانكاریی ئەرێنی لە نرخی نەوتدا رووبدا، ئەوا ئاستی پابەندبوونەوەكەی زیاد دەكات”.



بەگوێرەی داتاكانی ئاژانسی بلوومبێرگ، كۆی بەرهەمی رۆژانەی نەوتی ئۆپێك لە مانگی یەكی ئەمساڵ 840 هەزار بەرمیل دابەزیوە. بەڵام نایجیریا، لیبیا و ئێران كە ئەندامی ئۆپێكن و لە رێككەوتنەكە بەخشراون، ئاستی بەرهەمی ئۆپێكیان بە رادەی 270 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەرزكردووەتەوە.



داتا سەرەتاییەكانی ئۆپێك ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن رێكخراوەكە لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ رۆژانە 32.3 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، بەمەش 10 وڵاتە ئەندامەكەی ئۆپێك كە لە رێككەوتنەكەی ئۆپێكدا بەشدارن، بە رێژەی 83% پابەندی رێككەوتنەكە بوون. 



شوان زوڵاڵ دەڵێت “پابەندبوونی ئۆپێك بەو ئاستەی ئێستا شتێكی چاوەڕواننەكراو بوو، بەڵام ناشبێت زۆر گەشبین بین، چونكە رەنگە لە داهاتوودا گۆڕانكاریی گەورە رووبدەن”. 



د.عەتوف عەبدولموهەیمەن بارزانی كە دكتۆرای لە ئابووریی نەوت هەیە و شارەزایە لە كاروباری رێكخراوی ئۆپێك، پێیوایە سێ هۆكار لە پشت پابەندنەبوونی 100%ی ئەندامانی ئۆپێك بە رێككەوتنەكەی 30ی نۆڤەمبەری رابردووەوە هەن، ئەوانیش: گرێبەستەكان، گۆڕانی كەشوهەوا و خۆدزینەوەی بەشێك لە وڵاتان لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە.



عەتوف بارزانی نموونەی بە عێراق هێنایەوە و گوتی “یەكێكە لەو وڵاتانەی كە خۆی لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دەدزێتەوە و داتای هەڵە بە ئۆپێك و ناوەندەكانی وزە دەدات”.



بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، عێراق لە یەكەم مانگی 2017دا ئاستی بەرهەمهێنانی لە 4.71 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەوە دابەزاندووە بۆ 4.52 ملیۆن بەرمیل، بەوەش ئاستی پابەندبوونی عێراق بە رێككەوتنەكە 24% كەمترە لە پابەندبوونی وڵاتانی دیكە بە هەمان رێككەوتن.



د.عەتوف گوتی “ئێستا رێكخراوی ئۆپێك جگە لە لێژنەی بەدواداچوون بۆ ئاستی پابەندیی بەرهەمهێنەران بە رێككەوتنەكە، لیژنەیەكی دیكەشی داناوە بۆ چاودێریكردنی داتاكانی وڵاتانی ئەندام لەو رێكخراوە، چونكە پێشتر داتای هەڵەیان بە رێكخراوەكە داوە”.



سەبارەت بە كاتی پێشبینیكراو بۆ پابەندبوونی تەواوەتی بە رێككەوتنی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەو شارەزایەی كاروباری ئۆپێك رایگەیاند “لە دوای چارەگی یەكەمی ئەمساڵەوە ئاستی پابەندبوونی وڵاتان بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت دەگاتە نزیكەی 95%”.



سعودیەی گەورە بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێك، تا رادەیەكی زۆر باش پابەندبوونی خۆی بەو رێككەوتنە نیشانداوە، بە بڕوای زوڵاڵ گرێدراویی سعودیە بە رێككەوتنەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو وڵاتە دەستپێشخەر بووە بۆ ئەو رێككەوتنە و هاوكات لە ماوەی رابردووشدا زیانێكی گەورەی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە بەركەوتووە.



سەرەڕای ئەوەش، داتاكانی یەكەی كارگێڕیی وزەی ئەمریكا ئاشكرای كردووە لە هەفتەی رابردوودا ئاستی یەدەگی نەوتی كۆگاكراوی ئەمریكا 6.5 ملیۆن بەرمیل زیادی كردووە و تێكڕای نەوتی یەدەگی كۆگاكراویش گەیشتووەتە 494.76 ملیۆن بەرمیل، ئەو زیادبوونەی ئاستی نەوتی كۆگاكراو و بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمریكا، بەڕای شارەزایان هەڕەشەن لە بەردەم رێككەوتنی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، هاوكات ژمارەی سەكۆ نەوتییەكانی ئەمریكاش بەردەوامە لە زیادبوون.



لەبارەی ئەوەی ئایا ئەمریكا دەتوانێت ببێتە هەڕەشەیەكی جدی لەسەر ئەو رێككەوتنەی ئۆپێك؟ د.عەتوف وتی خەرجیی بەرهەمهێنانی یەك بەرمیل نەوتی لیتەیی بۆ ئەمریكا “55 تاوەكو 60 دۆلارە و سەرهەڵدانی كێشە سیاسییە ناوخۆییەكانی ئەمریكاش رێگر دەبێت لە دروستكردنی هەڕەشە، بۆیە ئێستا نەوتی لیتەیی ئەمریكا ناتوانێت ببێتە هەڕەشەیەكی جدی لەسەر ئەو رێككەوتنە، تا نرخی نەوت لە خوار ئاستی 65 دۆلار بێت”.
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
سەرچاوە: ڕووداو