5 تایبه‌تمه‌ندى هاوبه‌شى وڵاتانى گه‌شه‌كردوو


پرسیارى سه‌ره‌كى له‌پرۆسه‌ى گه‌شه‌ى ئابورییدا ئه‌وه‌یه‌: ئه‌زمونه‌ ئابورییه‌ سه‌ركه‌وتوه‌كان چ هه‌نگاوێكیان ئه‌نجامدا كه‌ بووه‌ هۆى بتوانن ده‌ستیان به‌گه‌شه‌ى به‌رزو به‌رده‌وام بگات؟ وه‌ڵامه‌كه‌ى: هه‌موو ئه‌و ئابورییانه‌ خاوه‌نى ستراتیژ‌و سیاسه‌تى تۆكمه‌ى گه‌شه‌ى ئابورى بوون.

له‌ساڵى 1950ه‌وه‌ تا ئێستا 13 ئابورى كه‌ توانیویانه‌ گه‌شه‌ى به‌رزو به‌رده‌وامیان هه‌بێت بریتین له‌: به‌رازیل، چین، هۆنگ كۆنگ، ئه‌نده‌نوسیا، ژاپۆن، كۆریاى باشور، مالیزیا، مالتا، عه‌مان‌و سه‌نگافوره‌و تایوان‌و تایله‌ند: بۆتسوانا. گه‌شه‌ى زۆربه‌ى ئه‌م وڵاتانه‌ به‌هۆى هه‌بوونى سامانه‌ سروشتییه‌كانى وه‌ك (نه‌وت، غازى سروشتى، كانزاكانه‌وه‌) به‌دینه‌هاتووه‌‌و نه‌یانتوانیوه‌ پشت به‌وه‌به‌رهێنان له‌م سه‌رچاوه‌ سروشتیانه‌دا ببه‌ستن‌و میكانیزمى گه‌شه‌ى خۆیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن. هاوكات ئه‌و وڵاتانه‌شى داهاتى هه‌ناره‌كردنى ئه‌م سامانه‌ سروشتیانه‌یان هه‌بووه‌، تووشى نه‌خۆشى هۆڵه‌ندى نه‌بوون‌و ئه‌مه‌ فره‌جۆریى له‌هه‌نارده‌ى كاڵاى ئه‌واندا كه‌منه‌كردوه‌ته‌وه‌. 

زۆرێك له‌وڵاتانى ده‌وڵه‌مه‌ند به‌م سامانه‌ سروشتیانه‌، داهاتى به‌ده‌ستهاتوى هه‌نارده‌كردنى ئه‌م سه‌رچاوانه‌یان به‌پێى ستراتیژى گه‌شه‌ى خۆیان له‌ئه‌وله‌یه‌تییه‌كانى گه‌شه‌دا وه‌به‌رهێنان كردوه‌و گه‌شه‌ى به‌رزو به‌رده‌وامیان پێ مسۆگه‌رو ئه‌زمون كردووه‌.

ئه‌م وڵاتانه‌ به‌پله‌ى یه‌كه‌م خاوه‌نى سیاسه‌ت‌و ستراتیژ‌و روانینێكى روون بوون بۆ گه‌یشتن به‌ئامانجى دیاریكراویان كه‌ گه‌شه‌ى ئابوریی بووه‌، ده‌وڵه‌ت زه‌مینه‌ى ژێرخانى ئابورى بۆ گه‌شه‌ ره‌خساندوه‌‌و به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى وه‌به‌رهێنانى تیاكردون، به‌بێ دابینكردنى ژێرخانێكى ئابورى به‌هێز، گه‌شه‌ى خێرا‌و به‌رده‌وامیان ئه‌سته‌م بوو. 

“پۆل رومه‌ى” ئابوریناسى ناودار ده‌ڵێت كاتێك كه‌ “ژاپۆن گه‌شه‌ى خێرا‌و به‌رده‌وامى ئه‌زمون كرد وتیان ئه‌مه‌ حاڵه‌تى تایبه‌ته‌‌و به‌هۆى هه‌ڵسانه‌وه‌ له‌جه‌نگى دوه‌مى جیهانییه‌وه‌یه‌. كاتێك چوار به‌وره‌كه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ئاسیا (هۆنگ كۆنگ، تایوان، سه‌نگافوره‌و كۆریاى باشور) گه‌شه‌ى خێراو به‌رده‌وامیان به‌دیهێنا وتیان به‌هۆى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م وڵاتانه‌ زۆر بچوكن، كاتێك كه‌ چین گه‌شه‌ى به‌رده‌وام‌و خێراى ئه‌زمون كرد وتیان هۆكه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چین زۆر گه‌وره‌یه‌”.

شه‌ش وڵات له‌م سیانزه‌ وڵاته‌ى خاوه‌ن گه‌شه‌ى خێرا‌و به‌رده‌وامن (به‌رازیل، مالیزیا، عه‌مان، تایله‌ند، بۆتسوانا‌و ئه‌نده‌نوسیا) خاوه‌نى سه‌رچاوه‌ى سروشتى زۆروزه‌به‌ندن، ئه‌ودواى وڵاته‌كان له‌ڕووى سامانى سروشتییه‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند نین. چین خاوه‌نى دانیشتوانێكى زیاتر له‌ ملیارێكه‌و وڵاتیشى تیایه‌ دانیشتوانه‌كه‌ى كه‌متر له‌ملیۆنێكه‌ (مالتا ژماره‌ى دانیشتوانى 911 هه‌زار كه‌سه‌). كه‌واته‌ ئه‌وانه‌ى كه‌ گه‌شه‌ ده‌كه‌ن جیاواز‌و فره‌جۆرن. شه‌ش وڵات (هۆنگ كۆنگ، ژاپۆن، كۆریاى باشور، مالتا، سه‌نگافوره‌و تایوان) توانییان له‌ڕێگه‌ى گه‌شه‌ى به‌رده‌وام‌و خێرایانه‌وه‌ بگه‌نه‌ وڵاتانى ده‌رامه‌ت به‌رزه‌كان، به‌ڵام به‌رازیل نه‌یتوانى درێژه‌ به‌گه‌شه‌ى به‌رزو به‌رده‌وامى خۆى بدات‌و نه‌گه‌یشته‌ ئاستى ئه‌و وڵاتانه‌.   


5 تایبه‌تمه‌ندییان: 

1/ سوود وه‌رگرتنى ته‌واو له‌تواناى ته‌كنیكى، زانست‌و كارو خواستى ئابورى جیهانى

هه‌ر سیانزه‌یان كه‌ڵكیان له‌تواناى ئابورى جیهانیى تا ئه‌وپه‌ڕى وه‌رگرتووه‌، ده‌ستگه‌یشتن به‌گه‌شه‌ى به‌رده‌وام‌و به‌ڕێژه‌ى 7%‌و به‌شێوه‌ى به‌رده‌وام به‌بێ سودوه‌رگرتن له‌ئابورى جیهانى، بۆ ئابورییه‌ بچوكه‌كان زۆر قورس‌و زه‌حمه‌ت بوو. له‌به‌رئه‌وه‌ى تواناى ئابورییان سنورداره‌. ئه‌م وڵاتانه‌ له‌دوو رێگه‌وه‌ سودیان له‌ئابورى جیهانى وه‌رگرت: یه‌كه‌میان، بیرۆكه‌و ته‌كنیكیان له‌هه‌مو جیهانه‌وه‌ هاورده‌ كرد. دووه‌م، سودیان له‌خواستى جیهانى وه‌رگرت كه‌ بازاڕێكى گه‌وره‌یه‌ بۆ ساغكردنه‌وه‌ى كاڵاكانیان. بایه‌خدانیان به‌زانست‌و ته‌كنیك، توانا‌و كارامه‌یى ئابوریانى ته‌واو به‌رز كرده‌وه‌. ئه‌وه‌یان هه‌نارده‌ كرد كه‌ بازاڕى جیهانى ده‌یخواست. 

2/ ده‌رگا كردنه‌وه‌ به‌ڕووى وه‌به‌رهێنانى ده‌ره‌كی
یه‌كێك له‌و هه‌نگاوه‌ گرنگانه‌ى ئه‌و وڵاتانه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى گه‌شه‌ى ئابورى هاندانى وه‌به‌رهێنانى ده‌ره‌كى بوو له‌ڕێگه‌ى ئه‌و ئاسانكارییه‌ یاساییانه‌وه‌ كه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌نجامیان دا، ئه‌مه‌ وایكرد سه‌رمایه‌ى ده‌ره‌كى رویان تێكات‌و رۆڵى هه‌بێت له‌گه‌شه‌ى ئابورییاندا.

3/ پاراستنى سه‌قامگیریى ئابورى 
خاڵى هاوبه‌شى ئه‌م ئه‌زمونه‌ گه‌شه‌كردووانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌مویان ساڵانێكى درێژخایه‌ن له‌سه‌ر گه‌شه‌ى خۆیان به‌رده‌وام بوون، خۆیان له‌كورتهێنانى بودجه‌، شۆكى بازاڕه‌ داراییه‌كان، سیاسه‌تى هه‌ڵه‌ى دراو به‌دوور گرتووه‌و رێژه‌ى سودى بانكییان به‌رز بووه‌. 
 
ئه‌م ئه‌زمونانه‌ خاوه‌نى حكومه‌تى به‌رپرسیار بوون، به‌و پێیه‌ى گه‌شه‌ى ئابورى خۆى له‌خۆیه‌وه‌ روونادات، به‌ڵكو پێویسته‌ ده‌وڵه‌ت بیكاته‌ ئامانج‌و له‌ڕێگه‌ى سیاسه‌ته‌كانى خۆیه‌وه‌ به‌دواداچونى بۆ بكات، بۆ نمونه‌ سه‌نگافوره‌، ماوه‌ى چل ساڵه‌ به‌دواداچونى گه‌شه‌ى ئابوریى پره‌نسیپێكى سه‌ره‌كى سیاسه‌تى ئه‌م وڵاته‌یه‌، به‌رده‌وام خه‌ریكى به‌هێزكردن‌و پێشخستن‌و پاراستنى ژێرخانى ئابورى، شه‌قام‌و رێگه‌وبانه‌كان، به‌نده‌رو فڕۆكه‌خانه‌كان، كۆمینیكه‌یشن‌و تۆڕى دابه‌شكردنى كاره‌بایه‌. 

4/ پاشه‌كه‌وت كردن به‌ئه‌ندازه‌یه‌كى زۆر
دووربینیى، تایبه‌تمه‌ندییه‌كى دیكه‌ى ئه‌م ئابوریانه‌یه‌ كه‌ خۆشگوزه‌رانى ئه‌مڕۆیان كرد به‌قوربانى ئاینده‌یان، ئه‌م وڵاتانه‌ به‌و داهاته‌ى ده‌ستیان كرد وه‌به‌رهێنیان كرد تا له‌ئاینده‌دا خێر‌و بێریى بچننه‌وه‌. سه‌قامگیریى ئابورى زه‌مینه‌ى بۆ به‌دیهێنانى رێژه‌ى به‌رزى پاشه‌كه‌وت كردن‌و وه‌به‌رهێنانى درێژخایه‌نیان ره‌خساند. به‌تایبه‌تى وه‌به‌رهێنانى كه‌رتى گشتى له‌ژێرخانى ئابورییدا، چین ساڵانه‌ یه‌ك له‌سێى داهاتى نیشتمانى خۆى بۆ ماوه‌ى 25 سالأ پاشه‌كه‌وت كرد. له‌ساڵى 1955ه‌وه‌ سه‌نگافوره‌ سندوقى ئیجباریى پاشه‌كه‌وت كردنى دامه‌زراند، كه‌ هه‌موو هاوڵاتییه‌ك بڕێك له‌كرێ‌و داهاتى هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى كاركردنییه‌وه‌ تا كاتى خانه‌نشین كردنى كۆده‌كرده‌وه‌‌و ته‌نها بۆ خه‌رجكردنى ده‌رمانى‌و خانوبه‌ره‌ رێگه‌ى به‌هێنانه‌ده‌ره‌وه‌ى ده‌درا. سه‌نگافوره‌و مالیزیا‌و ژاپۆن‌و كۆریاى باشوریش هه‌مان سیسته‌میان په‌یڕه‌و كرد.

5/ كاركردن به‌میكانیزمه‌كانى بازاڕ 
ئه‌م ئه‌زمونانه‌ به‌شێوه‌یه‌كى رێكخراوو به‌رنامه‌ڕێژكراو پشتیان به‌میكانیزمه‌كانى بازاڕى ئازاد به‌ستووه‌‌و چاكسازییه‌كى ریشه‌یییان له‌سیسته‌مى ئابورى خۆیاندا په‌یڕه‌و كردووه‌. 
 
وێڕاى ئه‌وه‌ى كه‌ هێزى كار، سه‌رچاوه‌ى سروشتى، سه‌رمایه‌، تایبه‌تمه‌ندى هه‌ریه‌ك له‌م ئابوریی‌و ئه‌زمونانه‌ دیاریده‌كات، به‌ڵام ئه‌م هه‌موو ئه‌م خاڵه‌ هاوبه‌شانه‌ گه‌شه‌ى ئابورى به‌ڕێژه‌ى 7% تا 10% بۆ ده‌سته‌به‌ر كردون، كه‌ چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك درێژه‌ى كێشاوه‌.
 
 ئا: ڕێژەن – گۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی