هه‌ردووبانكی‌ ناوه‌ندی‌ هه‌رێم یه‌كده‌گرنه‌وه‌

حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ له‌سه‌ر یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو بانكی‌ ناوه‌ندی‌ هه‌رێم سازكردووه‌‌و بڕیاره‌ له‌چه‌ند ڕۆژی‌ داهاتوودا یه‌ك بگرنه‌وه‌.
دوای‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی‌ دارایی حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ئیداره‌كانی‌ پێشتری‌ هه‌ولێر‌و سلێمانی‌، ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ له‌سه‌ر یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو بانكی‌ ناوه‌ندی‌ هه‌رێم سازكردووه‌‌و بڕیاره‌ له‌چه‌ند ڕۆژی‌ داهاتوودا ئه‌و دوو بانكه‌ یه‌كبگرنه‌وه‌. 
دلێر تارق وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە،له‌سه‌ر بڕیاری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، وه‌زیری‌ دارایی به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌ هه‌ردوو بانكی‌ ناوه‌ندی‌ هه‌رێمی‌ ڕاسپاردووه‌ كه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و لیژنه‌یه‌ی‌ بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ پێكهێنراوه‌، كاره‌كانی‌ یه‌كگرتنه‌وه‌كه‌ ئه‌نجام بده‌ن‌و له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكدا كاره‌كان ته‌واو بكه‌ن‌و هه‌ردوو بانكه‌كه‌ یه‌ك بگرنه‌وه‌. 
له‌دوای‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو ئیداره‌ی‌ هه‌ولێر‌و سلێمانیی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ك له‌هه‌ندێك وه‌زاره‌تدا تائێستا یه‌كیاننه‌گرتووه‌ته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌هه‌وڵی‌ به‌رده‌وامدایه‌ بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییە.