عێراق بڕی ٥٠ ملیۆن مەترسێجا غاز هەناردەی كوێت دەكات

 
وەزیری نەوتی عێراق، جەبار لعێبی رایگەیاند كە عێراق رۆژانە بڕی ٥٠ ملیۆن مەترسیجا غازی سروشتی هەناردەی كوێت دەكات، ئەوەش وەك قۆناغی یەكەم لە رێككەوتنی بەرزكردنەوەی ئاستی هەناردەكردنی غازی سروشتی بەبڕی ٢٠٠ ملیۆن مەترسێجا لە رۆژێکدا.

لە پەراوێزی ئەو كۆبوونەوەیەی كە دوێنێ‌ لە پارێزگای بەسڕە بەڕێوەچوو، جەبار لعێبی بۆ رۆژنامەوانان گوتی: “لیژنە هاوبەشەكانی هونەری نێوان عێراق و كوێت دیراسە سەرەتاییەكانیان تەواو كردووە كە خۆی دەبینێتەوە لە هەناردەكردنی ٥٠ ملیۆن مەترسێجا رۆژانە لەلایەن عێراق بۆ كوێت و دواتر ئەو بڕە بەرزدەکرێتەوە بۆ ٢٠٠ ملیۆن مەترسێجا”.

هەر چەندە جەبار لعێبی ئاماژەی بەوادەی دەستپێکردنی پرۆسەی هەناردەكردنی غازی سروشتی بۆ كوێت نەکرد بەڵام گوتی: “هەفتەی داهاتوو لیژنەیەكی حكوومەتی عێراق لەبارەی رێككەوتنەكە سەردانی كوێت دەكات”