بڕیاری زیادکردنی روسماتی شوێنە گەشتیاریەکانی کەرتی تایبەت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە هەڕەشەی پاشەکشەکردن لەو سێکتەرە دەکات حکومەت لەپێناو زیادکردنی داهاتو سوکردنی قەیرانی دارایی بڕیاری زیادکردنی ڕسوماتی ساڵانەی شوێنە گەشتیاریەکانی خستە بواری جێبەجێکردنەوە.
کۆمەڵەی چێشتخانەو میوانخانەکانیش ڕایدەگەیەنن: ئەم بڕیارەی حکومەتی هەرێم وادەکات زۆرێک لەشوێنەکان لە کارکردن بوەستنو چیتر دەرگا بەڕووی گەشتیاراندا نەکەنەوە، دەشڵێن: ” باج ڕسومات بەجۆرێک زیادی کردوە ئەگەر ئوتێلێکی پێنج ئەستێرە مۆڵەت تازە بکاتەوە جاران ٣٠٠ هەزاری دەدا بەڵام ئێستا و بەپێی ئەم بڕیارە دەبێت ١٠ ملیۆن دینار بدات واتا لەسەدا ٣٠٠٠ باج زیادی کردوە، باج لەسەر کۆگاکانی مەی ئەوانەی ئیشی جوملە دەکەن باج لە ٦٥٠ هەزار دینارەوە بووە بە ٢٥ ملیۆن دینار.
کۆمەڵەی چێشتخانەو میوانخانەکان ئاماژە بەوەش دەکەن:” یەکێک لە بڕیارە سەیرەکانی تری حکومەت ئەوەیە کە ئوتێلیکی پێنج ئەستێرە ئەگەر ئاهەنگی تایبەتی تیابکرێت سەرەڕای ئەو باجە ڕەسمیەی سالانە دەیدات دەبیت ٢٥ ملیۆن دیناری تربات لەبەر ئەوەی ئاهەنگی تایبەتی تێدا دەکرێت، ئەگەر مەساجی تیابێت دەبێت ١٢ ملیۆن دیناری تربات واتە ئەگەر کۆی بکەیتەوە ساڵانە باج ئەگاتە ٤٠ بۆ ٦٠ ملیۆن دینار لەکاتێکدا کە ئەمساڵ رێژەی بێکاری زیادی کردوە گەشتیار کەمی کردوە”.
لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی قەیرانی داراییەوە نزیکەی ٢٠٠ شوێنی گەشتیاری لەهەرێم داخراون، دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمیش دەڵێن: پلانی تایبەتیان هەیە بۆ زیادکردنی رێژەی گەشتیارانو مەیدانێکی کارکردنی گەشتیاری وادێننە ئاراوە کە زیادکردنی باجو ڕوسمات کار لە داخستنو بازار گەرمی کەرتی تایبەت نەکات.
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ئاماژە بەوەش دەکەن: ” لەئێستادا فیستفاڵی خلیسکێنەی سەر بەفر و چەندین پلانو چالاکی ترمان هەیە بۆ ئەوەی گەشتیاری زیاتر بهێنین بەمەبەستی قەرەبوو کردنەوەی ئەو باجو ڕوسماتەی کە زیادکراوە”، دەشلێن: زیادکردنی روسومات گرنگ نیە چونکە دەبێتە زیادبوونی داهاتی حكومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام گرنگە پلان و بەرنامە هەبێت بۆ زیادکردنی داهاتی پرۆژە گەشتیاریەکانی کەرتی تایبەتیش.
بەڕای شارەزایانو پسپۆران کەرتی گەشتوگوزار لەهەرێمی کوردستان لەساڵانی ڕابردوودا سەرچاوەی دهات بووە بەڵام مەترسیەکانی تیرۆر و کەمبونەوەی دهاتی حکومەت وایکرد لەساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥دا ڕێژەی هاتنی گەشتیار کەمبێتەوە.
کەرتی تایبەتیش داوادەکەن بریاری زیادکردنی ڕوسمات هەڵبوەشێنرێتەوە تابتوان خزمەتی زیاتری ئەم سێکتەرە بکەنو زیاتر بەرەوپێشی ببەنو هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان برەخسێنو داهات زیاتر بکەن.