داوادەکرێت کارگەکانی سلێمانی بەشداربن لە ئاوەدانکرنەوەی موسڵ

سلێمانی بەمەبەستی بووژانەوەی كەرتی ئابووری سلێمانی، پێشنیاز دەكرێت كارگەكانی ئەو شارە بەشداری لە ئاوەدانكردنەوەی شاری موسڵدا بكەن. 


رێكەوت زەكی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، بەمەبەستی بووژانەوەی كەرتی ئابووری سلێمانی، پێشنیازی كردووە كارگەكانی سلێمانی بەشداری لە ئاوەدانكردنەوەی شاری مووسڵ بكەن. 

وەك زەكی باسی كرد، ئامانجمان لەو پێشنیازە راكێشانی زۆرترین پارەیە بۆ سلێمانی بەتایبەتیش كە ژمارەیەكی زۆر كارگەی چیمەنتۆ و بلۆك و كەرستەكانی بیناسازی دەكەونە سنوورەكەوە.

 ناوبراو گوتیشی “پێشنیازم كردووە وەك یەك تیم بەهەماهەنگی نێوان ئەنجوومەن و پارێزگاری سلێمانی و ژووری بازرگانی لایەنەكانی دیكە دەست پێبكەین، یان لیژنە پەیوەندیدارەكانی ئەنجوومەن یان لیژنەیەكی كاتی بۆ ئەو مەبەستە دروست بكرێت”.

 بەهۆی شەڕ 15%ی ماڵان، 60% ی باڵەخانە حكومییەكان و 90 % ی خزمەتگوزارییەكانی وەك، پڕۆژەكانی ئاو، كارەبا، پەیوەندییەكان و گەیاندن لە رۆژهەڵاتی شارەكە وێرانبوون، تاوەكو ئێستاش رۆژئاواى شارةكة لەژێر دەستی داعشدایە.