ئەمڕۆ 4ی شوباتی 2017، تەلار فایەق بەڕێوەبەری فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هۆكاری راگرتنی گەشتەكانی نێوان عێراق و سویدی ئاشكرا كرد.
بەڕێوەبەری فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕایگەیاند: لە یەكەمین رۆژی ئەم مانگەوە لەلایەن سویدەوە بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی ئەو وڵاتە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دراوە، ئێمە هەوڵماندا هۆكاری دەركردنی ئەو بڕیارە بزانین، بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەنیدمان بە باڵیۆزخانەی سوید ە بەغدا كرد، داوای رونكردنەوەمان لێكردن، بەڵام ئەوان پێیان وتین: ناتونین رونكردنەوەتان بۆ بدەین، چونكە ئەو بریارە لەلایەن حكومەتی سویدەوە دەركرراوە جگە لەوەی كە حكومەت دەڵێت: بە هۆی دۆخی ئەمنیەوە ئەو بڕیارەمان دەركردووە ناتوانین زیاتر رونكردنەوە بدەین، سەرەڕای ئێمەش پێمان راگەیاندن كە دۆخی ئەمنی لە كوردستان لە ئێستادا جێگیرە، ئەوان رونكردنەوەی زیاتریان نەدا، بۆیە پێمان وایە هۆكارەكەی سیاسییە نەك ئەمنی.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا فڕۆکەی ھێڵێ جەرمەنییە لە ھەولێر بووە، کەچی نەیتوانیوە بۆ سوید بگەڕێتەوە.
بەڕێوەبەری فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر وتیشی: ڕاگرتنی گەشتەکانی نێوان سوید و عێراق بابەتێکە پەیوەندی بەھەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو لە نێوان عێراق و سوید دایە و بابەتێکی سیاسییە، دەبێت بەغدا ئەو کێشەیە چارەسەر بکات.