لە كەشی بەفربارین و سەرمادا هاوڵاتیان ئارەزووی خواردنی شێلم دەكەن، وەك خۆشیان ئاماژەی پێدەكەن، خواردنی شێلم بە كوڵاوی تامێكی تایبەتی هەیە، وە دەڵێن ئەو شێلمەی كە لەدەرەوە دەیخۆن تامی لە شێلمە خۆشترە كە لەماڵەوە ئامادەی دەكەن.
شێلم سەوزەیەكە كە چەندین سودی بۆ جەستەی مرۆڤ هەیە، لە كوردستاندا شێلم بە شێوازی جۆراوجۆر دەخورێت و ئامادە دەكرێت، وەك كوڵاندنی شێلم، وە بەكارهێنانی شێلم بۆ ئامادەكردنی ترشیات و ترخێنە، وە ئامادەكردنی شێلم بەترش كە شێوازێكی تایبەتە بە شاری سلێمانی.
بەرزان عەلی كە كاری فرۆشتنی شێلم دەكات بە كوڵاوی لەبارەی كارەكەیەوە بەڕۆژنیوزی وت:”من نزیكەی شەش ساڵە ئەم كارە دەكەم، لە ڕۆژە ئاساییەكاندا لەناو بازاڕدا دەیفرۆشم، بەڵام لە ڕۆژە ساردەكاندا و لەو ڕۆژانەی كەبەفر دەبارێت دێمە شاخی گۆیژە، چونكە خەڵك ڕوولەم ناوچانە دەكەن و ئارەزووی خواردنی شێلم دەكەن”.
لەباری چۆنیەتی ئامادەكردن و كوڵانی شێلمەوە بەرزان وتی:”بۆ ٥٠ كیلۆ شێلم ١٠ كیلۆ دۆشاوی خورمای پێویستە، لەگەڵ دوو تەنەكە ئاو، ئەو شێلمەی ئێمە ئامادەی دەكەین لە شێلمی ماڵەوە خۆشترە، چونكە لە ماڵەوە كە كوڵا یەكسەر دەیخۆن، بەڵام ئێمە لەئاوەكەی خۆیدا دەیهێلینەوە تاوەكو بەیانی، بەمەش تامی زیاتر هەڵدەمژێت و بە تامتر دەبێت”.
عمر محەمەد هاوڵاتیەكی شاری سلێمانی بوو لەشاخی گۆیژە خەریكی خواردنی شێلم بوو، لەبارەی ئارەزووی ئەوەوە بۆ خواردنی شێلم بە ڕۆژنیوزی وت:”لەوەرزی سەرمادا شێلم زۆر خۆشە، من بە كوڵاوی حەزم لەخواردنی شێلمە، لەگەڵ بەشێوازی شێلم بەترش”.
ساڕێژ عمر لە شاخی گۆیژە خەركی خواردنی شێلم بوو، وەها قسەی لەسەر بابەتەکە کرد:”من تەنها بە كوڵاوی شێلم دەخۆم، ئەویش تەنها لەكاتی بەفر باریندا دەیخۆم، هیچ كاتێكی تر حەزم لێی نیە”.
سەمین عەلی هاوڵاتیەكی عەرەب بوو، لە شاخی گۆیژە لەگەڵ چەند هاوڕێیەكیدا خەریكی خواردنی شێلم بوو، قسەی بۆ ڕۆژنیوز کردو وتی:”شێلم خواردنێكی زۆر خۆشە، دیمەنی ئێرە زۆر جوانە، لە ناو ئەم سروشتە جوانەدا خواردن زۆر بەتامتر دەبێت، خێزانێكی زۆر هاتونەتە ئێرەو خۆشی وەردەگرن”.
سیروان كەمال خاوەنی دوكانێكی ئامادەكردن و فرۆشتنی ترشیاتە، لەبارەی بەكارهێنانی شێلمەوە بەڕۆژنیوزی وت:”ئێمە شێلم بۆ ترشیاتی زەرد بەكار دەهێنین و لەگەڵ عەمبەدا تێكەڵی دەكەین، وە شێوازێكی تایبەت بە سلێمانی هەیە كە پێی دەڵێن شێلم بەترش، هەروەها لەگەڵ لە ترخێنەشدا شێلم و گەڵای شێلم بەكاردێت.
سیروان كەمال وتیشی:”ئەو شێلمەی ئێمە بەكاری دەهێنین شێلم ی خۆماڵییە و هەروەها شێلمی ئێرانیش بەكار دەهێنین، شێلمی خۆمان خۆشترە، بەڵام شێلمی ئێرانی شیرینە، ئێمە تا شێلمی خۆمان هەبێت هەر ئەوە بەكار دەهێنین”.
محەمەد عەلی كە كاری بەقاڵی دەكات لەبارەی نرخ و جۆری شێلمەوە بەڕۆژنیوزی وت:”شێلمی خۆمان لە كۆتایی مانگی 10 وە پێدەگات، تاوەكو مانگی 2و دەمێنێتەوە، ئەمساڵ نرخی شێلم گونجاوە، ئەویش بەهۆی زۆری و كەمی بەرهەمی شێلمەوە هەیە، كاتێك شێلمی خۆمان تەواو دەبێت شێلمی ئێرانی دەفرۆشین”.
شێلم لەگەڵ ئەوەی تامێكی خۆشی هەیە، لەهەمان كاتدا خواردنێكە بۆ چارەسەركردنی چەندین جۆری نەخۆشی بەكار دێت، وەك،سووككردنی نیشانەكانی هەوكردنی رۆماتیزمی جومگەكان لە ئاوسان و ئازار و سڕبوون، بەهێزكردنی بەرگری لەش بەرامبەر بە نەخۆشییەكان، پاراستنی كۆڵۆن لە تووشبوون بە گرێی شێرپەنجەیی، پاراستنی خوێنبەرەكان لە تووشبوون بە رەقبوون بەوەی كە ماددە دژەئۆكسانەكانی ناو شێلم دژی ماددە یان كۆلكە سەربەستەكان دەوەستن و نایەڵن كە كۆلیستیرۆلی خراپ LDL بە كرداری ئۆكسان لەسەر ناوپۆشی خوێنبەرەكاندا بنیشێت، لەگەڵ چەندین سودی تر.
rojnews