ئارێز عه‌بدوڵڵا: ده‌بێت هه‌رێمیش به‌ كڕینی به‌رهه‌می ناوخۆییه‌وه‌ پابه‌ندبێت

سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و وزه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند: به‌پێی یاسای بودجه‌ ئه‌بێت، تا به‌رهه‌می ناوخۆیی هه‌بێت نابێت پێداویستییه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ بكرێت و ده‌بێت هه‌مان كات هه‌رێمی كوردستانیش پابه‌ندی ئه‌و بڕیاره‌ بێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌مڕۆ 31-1-2017، ئارێز عه‌بدوڵڵا سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و وزه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: به‌پێی یاسای بودجه‌، هه‌روه‌ها بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتیش پێویسته‌ حكومه‌ت تا پێداویستییه‌ ناوخۆییه‌كان هه‌بێت، هیچ به‌رهه‌مێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات هاورده‌ نه‌كات.

راشیگه‌یاند: بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئێمه‌ وه‌ك لیژنه‌ی نه‌وت و وزه‌ له‌ په‌رله‌مانی عیراق له‌ چه‌ند رۆژی رابردو له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی و كاره‌با كۆبووینه‌ته‌وه‌و رووبه‌ڕومان كردونه‌ته‌وه‌، له‌وه‌ی كه‌ وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی سكاڵای هه‌بوو له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی كاره‌با كه‌ به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌وان ناكڕن، چونكه‌ وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی بگۆڕ(محاویله‌) سیمی كاره‌بایی به‌رهه‌مده‌هێنن، به‌ڵام وه‌زاره‌تی كاره‌با ئه‌و پێداویستییانه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی عیراق ئه‌و پێداویستییانه‌ هاورده‌ ده‌كات .

ئارێز عه‌بدوڵڵا راشیگه‌یاند: خۆی به‌پێی یاسای بودجه‌ ئه‌بێت، تا به‌رهه‌می ناوخۆیی هه‌بێت نابێت پێداویستییه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ بكرێت، بۆیه‌ش ئێمه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تمان رووبه‌ڕوی یه‌ك كرده‌وه‌، تا بزانین هۆكاره‌كه‌ چییه‌و بۆ چی به‌رهه‌می ناوخۆیی ناكڕن و چۆن ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین، بۆ ئه‌ومه‌به‌سته‌ له‌ كۆتاییدا كۆمیته‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌ردوو وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی و كاره‌با پێكهێنرا بۆ ئه‌وه‌ی رێك بكه‌ون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تاكو پێداویستییه‌كان هه‌بێت له‌ناوخۆدا به‌رهه‌مبهێنرێت له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات هاورده‌ی نه‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر شمه‌ك و كه‌ره‌سته‌ ناوخۆییه‌كان به‌هه‌مان كوالێتی شمه‌ك و پێداویستییه‌كان بێت كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێت .

وتیشی: ئێمه‌ وه‌ك لیژنه‌ی نه‌وت و وزه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌و كۆمیته‌ هاوبه‌شه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ هه‌ردوولا پێكهاتووه‌، بۆئه‌وه‌ی هه‌م یاسای بودجه‌ وه‌ك خۆی په‌یڕه‌و بكرێت، هه‌م پێداویستییه‌كانی وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كاره‌باوه‌ بكڕدرێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌و بابه‌ته‌ بۆ هه‌رێمی كوردستانیش هه‌مان شته‌، بۆیه‌ به‌پێی یاسایی بودجه‌ هه‌رێمی كوردستانیش تا پێداویستییه‌ ناوخۆییه‌كان یان بڵێن به‌رهه‌می ناوخۆیی  هه‌بێت نابێت له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه‌ هاورده‌بكرێت، چونكه‌ كڕینی كه‌ره‌سته‌ی ناوخۆیی، پشتیوانی كردنه‌ له‌ پیشه‌سازی نیشتمانیی بۆ هه‌رێمی كوردستان و بۆ عیراقیش، هه‌روه‌ها كڕینی كه‌ره‌سته‌و پێداویستییه‌ ناوخۆییه‌كان ئه‌بێته‌ مایه‌ی بوژاندنه‌وه‌ی ئابوری و كه‌رتی پیشه‌سازی له‌ وڵاتدا.

جێگای باسه‌ دوێنێ 30-1-2017، لیژنه‌ی نه‌وت و وزه‌ی په‌رله‌مانی عیراق له‌گه‌ڵ ھه‌ردوو وه‌زاره‌تی كاره‌با و پیشه‌سازی عیراق كۆبۆته‌وه‌. ئه‌و كۆبونه‌وه‌ ھاوبه‌شه‌ش بۆ رووبه‌ڕوو كردنه‌وه‌ی ھه‌ردوو لایه‌ن بووه‌ سه‌باره‌ت به‌ كڕینی به‌رھه‌مه‌ خۆماڵییه‌كانی وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كاره‌باوه‌، چونكه‌ وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی له‌ رێگه‌ی ھه‌ردوو كۆمپانیای ئور و دیاله‌ توانای دروستكردنی به‌رھه‌مێكی زۆری كێبلی كاره‌بایی، سیم، بگۆر (محاویله‌ی) كاره‌بای و پێوه‌ر ھه‌یه‌، به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دوایی وه‌زاره‌تی كاره‌با كڕینی ئه‌و كه‌رستانه‌ی له‌ وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی زۆر كه‌مكردبووه‌وه‌ و له‌ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ی ده‌كردن.