سەردار قادر، لەبری پارێزگاری سلێمانی داوا لە هاوڵاتیان دەکات، کەمترین کات ئۆتۆمبێل بەکاربهێنن و هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی شارەونیدا بکەن بەمەبەستی پاککردنەوەی شەقامەکان و دروستنەبوونی گرفتی هاتوچۆ.
لە ڕاگەیەندراوێکدا سەردار قادر لەبری پارێزگاری سلێمانی وتوویەتی “بەھۆی بارینی بەفرو نزمبونەوەی پلەكانی گەرما لە سنوری پارێزگای سلێمانی، بووەتە ھۆی دروستبونی گرفتی ھاتوچۆ بۆ ھاوڵاتیان، بۆئەم مەبەستە تیمەكانی شارەوانی زۆر لێبڕاوانە ھەستاون بەپاككردنەوەی شەقەمەكان و ڕژاندنی خۆێی زبر تا ژیانی ھاوڵاتیان و شۆفۆران پارێزراو بێت، دوبارە سبەینێ لەشەقامەكانی سلێمانی و بەتایبەت شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود ھەڵمەتی پاكردنەوەو خوێ ڕێژكردن بەردەوام دەبێت”.
ڕاشیگەیاندوە”بە پێویستی دەزانن دوای هەماهەنگی لە هاوڵاتیان بکەن، بۆ ئەوەی کەمترین کات ئۆتۆمبێل بەکاربهێنن، بەتایبەت لە کاتژمێر ٧ ی سەربەیانی سبەینێ، بۆ ئەوەی کارئاسانی بۆ تیمەکانی شارەوانی بکرێت و مەترسی نەکەوێتە سەر ژیانی هاوڵاتیان”.
ماوەی چەند ڕۆژێکە شەپۆلێکی بەفر بارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و لە سنوور پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و قەزاکانی سۆران و چۆمان و ڕەواندوز سبەینێ دەوام ڕادەگیرێت، هەروەها زانکۆکانی (سلێمانی، ڕاپەڕین، هەڵەبجە و گەشەپێدانی مرۆیی) دەوام ڕادەگرن.