74 ملیۆن گەنج لە جیهاندا بێكارن


سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشكرای دەكات: 74 ملیۆن گەنج لە جیهاندا بێكارن‌و بەهۆی پێكدادانی چەكداریشەوە ژمارەیەكی زۆر خێزان هەڵوەشاونەتەوە‌و گەنجەكانیان ناچاربوون كۆچ بكەن.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە میانی بەشداریكردنی لە كۆڕبەندی ساڵانەی ئابووری‌و كۆمەڵایەتی گەنجان رایگەیاند: 74 ملیۆن گەنج لە جیهاندا بێكارن‌و هیچ جۆرە كارێكیان دەست ناكەوێت، جگە لەوەش بەهۆی پێكدادانی چەكداری‌و جەنگەوە، هەڵوەشانەوەی خێزانەكان ژمارەی پێوانەیی تۆماركردوە‌و گەنجەكانیان ناچاربوون ماڵ بەجێبهێڵن‌و كۆچ بكەن، بۆ ئەوەی لە شوێنێكی تری جیهان بە ئارامی‌و دوور لە توندوتیژی بژین.

گۆتێرێس ئاماژەی بەوەشكرد: كە بەشداربوانی كۆڕبەندەكە بەگرنگیەوە باسیان لە چارەسەركردنی ئەو كێشانە كردوە كە ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبنەوە، لەوانەش هەژاری‌و بێكاری، گۆڕانكاری كەش‌وهەوا‌و نادادپەروەری‌و ستەم، چونكە گەنجانی جیهان لەنێو ئەو واقیعەدا دەژین.

كۆڕبەندی ساڵانەی گەنجان بۆ یەكەمجار لەساڵی 2012دا دەستی بەكارەكانی كرد‌و ئەمساڵیش نزیكەی 700 كەس بەشداری كۆڕبەندەكەیان كردوە.