ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، پڕۆژەی دانانی جۆزەی 20 ئەمپێری بۆ ماڵان ڕەت دەكاتەوە



لیژنەی وزە‌و پیشەسازی‌و سامانە سروشتیەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، پڕۆژەی دانانی جۆزەی 20 ئەمپێری بۆ ماڵان ڕەت دەكاتەوە.

 (رێكەوت زەكی) ئەندامی لیژنەكە بەكەناڵی گەلی كوردستانی راگەیاند، یاداشتێكمان ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگا‌و پارێزگای سلێمانی‌و بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبا كردوە‌و تیایدا ئاماژەمان بەوەكردوە كە لەگەڵ دانانی جۆزەی 20 ئەمپێری نین، بەڵام ئەگەر لە دۆخێكی ناچارییدا پڕۆژەكە جێبەجێ كرا، ئەوا دەبێت ئەو خاڵانەی لە یاداشتەكەدا هاتووە كە 7 خاڵن جێبەجێ بكرێن.

 وتیشی، یەكێك لە خاڵەكان ئەوەیە كە گرەنتی لە ئەنجومەنی وەزیران‌و وەزارەتی كارەبا وەربگرن، كە پشكی وزەی پارێزگای سلێمانی كەم نەكرێتەوە، هەروەها داوامان كردوە كە تێچووی پڕۆژەكە لەسەر حكومەت بێت‌و پارەكەی لە داهاتی كارەبای سلێمانی دابین بكرێت. وەك لە دایاداشتەكەدا هاتووە، پێویستە لەرێگەی بانگەوازی ئاشكراوە تەندەرین بۆ پڕۆژەكە بكرێت‌و ئەو كەسانەی زیادەڕۆییان كردۆتەسەر كارەبای نیشتمانی، كارەباكەیان ببڕدرێت‌و سزابدرێن، هەروەها باشتروایە غازی سروشتی بۆ وێستگەی 500 مێگاواتی بازیان دابین بكەین، كە بەمە كێشەی كارەبای سلێمانی‌و هەڵەبجە‌و گەرمیان‌و ڕاپەڕین چارەسەر دەبێت.یاداشتەكەی لیژنەی وزەی ئەنجومەنی پارێزگا ئاماژەی بەوەشكردوە، كە وەزارەتی كارەبا بەنیازە لەماوەی ئەمساڵدا پێوەری زیرەك دابنێت، كەواتە تەمەنی پڕۆژەی 20 ئەمپێری تەنها ساڵێكە‌و هەڵدەوەشێتەوە.