هەرێمی‌ كوردستان كێشەی‌ ئاوی‌ هەیە


(عەبدولستار مەجید) وەزیری كشتوكاڵی هەرێم رایگەیاند، هەرێمی‌كوردستان كێشەی‌ ئاوی‌ هەیە، كە هۆكارەكانی‌ بۆ خراپ بەكارهێنان‌و نەبونی بودجە بۆ دروستكردنی بەنداوی تازە‌و دروستكردنی بەنداو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە دەگەڕێتەوە.

ئەو وتانەی‌وەزیری‌كشتوكاڵ لەمیانەی‌سیمینارێكدا هات دەربارەی ئاو‌و بەنداوەكان بۆ كۆمپانیای كریای چیكی‌و بەپێی راگەیەنراوێكی‌وەزارەتەكەش (عەبدولستار مەجید) وتویەتی، ئێمە كێشەی ئاومان هەیە، هۆكارەكەشی بۆ خراپ بەكارهێنانی ئاو دەگەڕێتەوە لەلایەن جوتیاران و هاوڵاتیانەوە بە گشتی، كە رۆژانە بە هەزاران مەتر سێجا ئاو بە هەدەر دەچێت. 

هەروەها هۆكارێكی‌دیكەی‌ دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی بودجەی پێویست بۆ درووستكردنی بەنداوی تازە، بەپێی ئامارەكانی‌وەزارەتی‌كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمیش، لە ئێستادا 20 بەنداو لە دیزایین تەواو بوون‌و هەندێكیان بە سستی كاریان تێدا دەكرێت‌و ئەوانی دیكەش لەبەر قەیرانی دارایی راوەستاون. عەبدولستار مەجید باسی‌لەوەشكرد، هۆكارێكی دیكەی كێشەی ئاو، دروستكردنی بەنداوە لەلایەن وڵاتانی دەوروبەرەوە یان گۆڕینی رێڕەوەی ئەو ئاوەی كە دەڕژێتە هەرێمی كوردستانەوە، كە كاریگەری بۆ سەر كشتوكاڵ و گەشتوگوزارو ژینگەو پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوە هەیە.