بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی ساڵانی 2004 تاوەكو 2014 بە بەهای 3 ملیار و 929 ملیۆن دۆلار ئاژەڵی زیندوو و بەرهەمە ئاژەڵییەكان هاوردە كراون.
بەهۆی زۆریی خواست لەسەر خواردنی گۆشتی سوور و بەرهەمە ئاژەڵییەكان، قەبارەی هاوردەكردنی ئەم بەرهەمانە تاوەكو ساڵی 2013 بەردەوام لە هەڵكشاندا بووە و لە 55 ملیۆنەوە بۆ 728 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە، بەڵام لە ساڵی 2014 بەهۆی قەیرانی دارایییەوە بۆ 694 ملیۆن دۆلار دابەزیوە.
بەپێی ستانداردی جیهانی ساڵانە هەر تاكێك پێویستی بە خواردنی 41.2 كیلۆگرام گۆشت هەیە، ئەم بڕەش بەگوێرەی كولتووری وڵات گۆڕانكاریی بەسەردا دێت. وەزارەتی كشتوكاڵ پێویستیی تاكی هەرێمی كوردستان بۆ خواردنی جۆری گۆشتەكان و هێلكە بەو جۆرە دابەش كردووە: (14.4 كیلۆگرام گۆشتی سوور، 23.9 كیلۆگرام گۆشتی سپی، 2.9 گۆشتی ماسی، 150 هێلكە).
بەپێی ئەو دابەشكارییەی وەزارەتی كشتوكاڵ، هەرێمی كوردستان ساڵانە پێویستی بە 80 هەزار و 842 تۆن گۆشتی سوور، 134 هەزار و 176 تۆن گۆشتی مریشك، 16 هەزار و 280 تۆن گۆشتی ماسی و 842 ملیۆن هێلكە هەیە، بەڵام توانای كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان بۆ گۆشتی سوور 50%یە، بۆ گۆشتی مریشك 76% و بۆ گۆشتی ماسی و هێلكەش تەنیا 30%یە.
بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانە، بەڕێوەبەرایەتی كەرەنتینی كشتوكاڵ، ساڵی رابردوو رێگەی بە هاوردەكردنی 1.440 سەر بەرخ، 91.559 سەر گۆلك و 4.448 تۆن گۆشتی سوور و 131 تۆن مریشكی بەستوو، هەروەها 11 هەزار و 141 تۆن ماسی و 63.900 تۆن هێلكە داوە.
رەمەزان محەممەد، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵا و سەرچاوەكانی ئاو دەڵێت “ئەگەر بازرگانەكان لێمانگەڕێن و حكومەتیش كەمێك دەستكراوە بێت بۆ هاوكاریی ئاژەڵدار و خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان، تەنیا بە كەمێك رێكخستن دەتوانین تەواوی پێویستیی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان لەو بەرهەمانە دابین بكەین و چیدی پێویستمان بە هاوردە نەبێ”.
رەمەزان محەممەد، نموونە بە ژمارەی پرۆژەكانی هەرێمی كوردستان و توانای ساڵانەیان بۆ بەرهەمەكان دێنێتەوە و دەڵێت “لە هەرێمی كوردستان 1317 پڕۆژەی بەخێوكردنی مریشكمان هەیە، ئەگەر هەموویان كاربكەن، ساڵانە توانای دابینكردنی زیاتر لە 153 هەزار تۆن مریشكیان هەیە، بەڵام بەهۆی زۆریی مریشكی هاوردە، ئێستا تەنیا 65%یان كار دەكەن”.
رەمەزان وتیشی “نۆ پرۆژەی هێلكەی خواردنمان هەیە، ئەگەر هەموویان كاربكەن توانای ساڵانەیان دەگاتە 1 ملیار و87 میلۆن هێلكە، بەڵام بەهۆی گرفتی هاوردە و ساغنەبوونەوەی بەرهەم و وەستانی بەشێكیان، ئێستا تەنیا 30%ی پێویستیی هەرێمی كوردستان دابین دەكەن”.
بەپێی ئاماری كوشتارگەكانی هەرێمی كوردستان، لە چوار ساڵی رابردوودا 3 ملیۆن و 352 هەزار و 460 سەر مەڕ و بزن و رەشەوڵاخ سەربڕدراون.
رەمەزان محەممەد دەڵێت “لەبەرئەوەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان، زیاتر لە هاووڵاتیانی وڵاتانی دەروبەر گۆشتی سوور دەخۆن و نزیكەی ملیۆنێك و 800 هەزار ئاوارەش لێرەن، بۆیە جگە لەو ژمارە ئاژەڵە زیندووەی بە فەرمی رێگە بەهاوردەكردنیان دراوە، دوو بەرامبەری ئەو ژمارەیەش بە قاچاخ لە توركیا و ئێران و سووریاوە هاوردە دەكرێن”.
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ، ساڵی رابردوو 71 هەزار و 500 تۆن گۆشتی سوور لە سەربڕخانەكان بەرهەم هاتووە، 50%ی ئەو بەرهەمەش گۆشتی ئاژەڵی خۆماڵی بووە. رەمەزان دەڵێت “ئەگەر پڕۆژەی هاوچەرخ دروست بكرێن و سنوورێك بۆ هاوردەكردن دابنرێت لە ماوەی چەند ساڵێكی كەم دەگەینە ئاستی خۆبژێوی”.
بەهۆی ئەوەی بەرهەمی ساڵانەی ئاژەڵەكانی كوردستان لەگەڵ پێداویستیی خەڵك بۆ گۆشتی سوور یەكناگرێتەوە، بۆیە مانگانە لێژنەی پارێزگاكان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ رێگە بەهاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو و گۆشتی بەستوو دەدەن.
محەممەد بارزانی، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای زمزم بۆ هاوردەكردنی گۆشت و ئاژەڵی زیندوو، ساڵانە 50 تاوەكو 60 تۆن گۆشتی بەستووی سوور لە مۆڵداڤیاوە هاوردە دەكات و دەڵێت “نرخی گۆشتی سوور لەمۆڵداڤیا زۆر هەرزانە، بەڵام توركیا رێگە نادات بەنێو خاكەكەیدا بیهێنین، بۆیە بەناچاری لە رێگەی ئێرانەوە دەیهێنین، ئەوەش تێچووەكەی زیاد دەكات”.
“گۆشتی ئاژەڵی مردوو هاوردە دەكرێت”
محەممەد بارزانی، نهێنیی پشت هەرزانیی هەندێك جۆری گۆشتی سوور و مریشكی بەستوو بۆ (رووداو) ئاشكرا كرد و گوتی “من ئاگادارم هەندێ بازرگان تەنیا بۆ قازانجی خۆیان گۆشتی ئاژەڵی مردارەوەبوو هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەوەشم بە وەزیری كشتوكاڵ گوتووە”.
محەممەد بارزانی گوتیشی “بەچاوی خۆم لە مۆڵداڤیا بینیم ترێلەیەك گۆشتی سووری ئەو ئاژەڵانەی بە دەمانچە دەكوژرێن و دوای مردنیان ئینجا سەردەبڕدرێن، هەناردەی رووسیا كرا، كەرەنتینی رووسیا رەتیكردەوە، بەڵام بازرگانێك هێنای بۆ كوردستان”.
محەممەد جگە لە هاوردەكردنی گۆشتی سوور، ویستوویەتی مریشكی بەستووش هاوردە بكات، بەڵام دەڵێت “هاوردەكردنی لەلایەن چەند بازرگانێكەوە كۆنترۆڵ كراوە، ئەوان بە ترێلە هاوردەی دەكەن و هەموو مریشكەكانیش بە مەكینە سەردەبڕدرێن و ئاویش لە باڵیان دەكرێت بۆ ئەوەی كێشیان زیاد بێت”.
بۆ دڵنیابوون لە تەندروستیی گۆشتی سوور و مریشكی بەستوو، وەزارەتی كشتوكاڵ بازرگانەكانی ناچار كردووە لێژنەی وەزارەت ببەنە وڵاتی بەرهەمهێن، بەڵام محەممەد بارزانی دەڵێت “كاتێك لێژنەكان دەچن بازرگانەكان بۆ هەڵخەڵەتاندنیان هەموو مەرجەكان جێبەجێ دەكەن، بەڵام دوای گەڕانەوەیان دووبارە دەچنەوە سەر هەمان كاری پێشوویان”.
ژمارەی ئاژەڵی سەربڕدراو لە كوشتارگەكانی هەرێمی كوردستان لە ماوەی چوار ساڵدا
2012531.383100.413631.796
2013596.624139.711736.335
2014861.838169.7971.031.635
2015809.271143.423952.694
كۆی گشتی2.799.116553.3443.352.460