ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی لەسەر بڕیارێکی حکومەت چەند سه‌رنج‌و پێشنیارێک ئاڕاسته‌ی لایەنە پەیوەندیدارەکان ده‌کات


ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی پێیوایه‌ بڕیاری ژمارە 7 ساڵی 2016ی وەزارەتی دارایی كاریگەرییەكی نەرێنی دەبێت لەسەر جوڵەی بازرگانی، بۆیە چه‌ند سەرنج و پێشنیارێک دەخاته‌ به‌رده‌م حکومه‌تی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی پێداچونوونەوە بەو بڕیارەدا بکه‌ن‌و بەجۆرێك دابڕژرێته‌وه‌ که‌ خزمەت بەئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌هەرێمی کوردستان بكات .

پاش ئه‌وه‌ی بەبڕیاری ژمارە 15869 ڕێکەوتی 22/12/2016  ئه‌و کاڵاو کەلوپەلانەی لەدەروازە گومرگیەکانی شارەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراقی فدراڵ هاوردە کراون‌و دواتر دەهێندرێنە ناو هەرێمی کورداستان، بەپێی نوسراوی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (1715) لە 21/7/2011 ئاماژە بە هەردوو نوسراوی وەزارەتی دارایی و ئابوری ژمارە (17582) لە 28/11/2003و ژمارە (4615) لە16/3/2014 بەمەبەستی پیاچونەوەیە بەو بارانەی دێن و نرخی گومرگیان لە بەغداد کەم بۆ کراوەو لە کوردستان کار بەیاسای گومرگی دەکرێتەوەو گومرگ دەکرێتەوە، کۆمەڵێک بازرگانی سلێمانی ھانایان بۆ ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ھێنا بۆ ئه‌وه‌ی کار به‌و بڕیاره‌ نه‌کرێت، ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانیش لەسەر داواکاری ئەوان ڕاو سەرنجی لەسه‌ر ئەو بڕیارە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات.

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی سه‌رنج‌و  پێشنیاره‌کانی ژوری بازرگانییه‌ بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان:

بڕیاری ژمارە(7) ی ساڵی (2016 ) ی وەزارەتی داراییەتی هەرێم، دەرنجام و لێكەوتەكانی 

لە پێناو پارستن و زایادكردنی قەبارەی ئاڵوگۆری بازرگانی لەهەرێمی كوردستاندا، كەسەرچاوەی بژێوی ژیانی ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیانی هەرێمەكەمانە سه‌رچاوه‌یەكی گرنگی داهاتیشە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان. 

ژوورەكەمان كە نوێنەرایەتی كەرتی تایبەت و بازرگانان دەكات بە ئەركی خۆی دەزانێت، كاربكات بۆ زیادكردنو باشكردنی ئەم چالاكییە بازرگانییەی كە لە ئێستادا هەیە. بەڵام بڕیاری ژمارە 7 ساڵی 2016 ی وەزارەتی دارایی كاریگەرییەكی نەرێنی دەبێت لەسەر ئەم جوڵە بازرگانییە. بۆیە ئەم سەرنج و پێشنیارانەی خوارەوە دەخەینە بەر چاوی بەڕیزتان بەهیوای پێداچونوونەوە بەو بڕیارەدا وە داڕشتنەوەی بەجۆرێك خزمەت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێمەكەمان بكات .

1.جێ بەجێ كردنی ئەم بڕیارە ئەگەری ئەوە هەیە لە سەرەتادا داهاتێك بۆ هەرێمی كوردستان بەدەست بێنێت بەڵام لە داهاتوودا دەركەوتەی خراپی لێدەكەوێتەوە، چونكە بازرگانان ئاڕاستەو ڕێرەوی بازرگانییەكەیان دەگۆڕن (وەك دەوترێت بازرگانی وەك ئاو وایە بەری بگریت ڕێگایەكی تر دەدۆزێتەوە).

2.پێویستە تایبەتمەندێتی هەرێمی كوردستان بەهەند وەربگیرێت چونكە بەشێكی زۆری ئەو جوڵە بازرگانیەی كە هەیە بۆ دەرەوەی هەرێمە. ساڵانە زیاتر لە  50000 هەزار بارهەڵگر لە حكومەتی مەركەزەوە دێتە هەرێمی كوردستانو كە 90% ئەو بارانەش مەبەست لێیان بۆ دەرەوەی هەرێمەو لە بەرامبەریشدا حكومەتی هەرێم باجی گومرگی وەردەگرێت لەكاتی هەناردەكردنەوەیاندا.  وەزرەمەندی یەكەمی ئەم بڕیارەش بازرگانانی شاری سلێمانییە

3.  دانانی نوسینگەی گومرگی لە نێوان هەرێم مەركەزداو وەرگرتنەوەی فرقی گومرگی و رسومات و دواكەوتنی بار بەشێوەیەكی  ڕاستەخۆو دروست بوونی ڕۆتینیاتی دوای ئەو نوسینگانەش بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ ئەو بازرگانییە بە تەواوەتی لەبار دەبات.

4.وەك لای هەموان ئاشكرایە سێكتەری بازرگانی ژمارەیەكی زۆری هێزی كاری بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووەو بۆتە سەرچاوەی بژێوی و هەلی، چ ڕاستەوخۆبێت وەك خودی بازرگانەكان  یان نا ڕاستەخۆبێت وەك شوفێری بارهەڵگران و كارمەندانی كۆمپانیاكانی هاوردەو ناردن وێ ……هتد، لەبەرئەوە هەر هەنگاوێك دەنرێت لەم بوارەدا پێویستە تەواو زانستی بێت و هەموو ئەگەرو پێشهاتەكانی ڕەچاو بكرێت چونكە هەر هەنگاوێكی هەڵە دەركەوتەی خراپو پێچەوانەی دەبێت لەسەر ئەم چینەو ڕێژەی بێكاری زیاد دەكات.

پێشنیار دەكەین:
1.ئەو بڕیارە دوابخرێت بۆ كاتێكی نادیار.

2.لیژنەیەك پێكبهێنرێت بە ئەندامێتی ژوورە بارگانییەكان و ژمارەیەك لە بازرگەنە بە ئەزموونەكانی ئەو بوارە نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتییە یە پەیوەندیدارەكان، تا بە شێوەیەكی زانستی میكانیزمێكی گونجاو بۆ ئەو پرۆسەیە دابنێن بە جۆرێك زیان بە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بازرگانان نەگەیەنێت و لەهەمان كاتیشدا داهات بۆ حكومەتی هەرێم دەستەبەربكات.

3.لەكاتی جێبەجی كردنی ئەو بڕیارەدا پێشنیار دەكەین تەنها ئوجور كشف وەربگیرێت. ئەویش بەڕێژەیەكی گونجاو بێت بەجۆرێك كارنەكاتە سەر زیادبوونی نرخی كاڵاكان و دواتر زیان بە هاوڵاتیان بگەیەنێت بەتایبەتی لەم قۆناغەی ئێستادا كەتوانای هاوڵاتیان بۆ كرینی شتومەك بەتەواوەتی كەم بۆتەوە.

4.پێشنیار دەكەین حكومەتی هەرێمی كوردستان كاركردن بە بڕوانامەی SGS   و BV ڕابگرێت لە دەروازەكانی هەرێمی كوردستان لە بەرامبەردا كار بە(شهاده‌ المنشأ) بكات بۆ ئەو بارانەی داخڵ دەكرێن جگە لەخۆراك و دەرمان كە پشكنینی پێویستیان بۆ بكرێت. بەم كارە جوڵەی بازرگانی بۆ دەروازەكانی هەرێم دەگێڕێتەوە. وەپێشنیاریش دەكەین ئەم كارە بدرێتە دەست كەرتی تایبەت و بە هاوكاری و چاودێری وەزارەتی پلان دانان كاری پشكنین بۆ كاڵا هاوردەكراوەكان بكەن بەمەش ئەو داهاتە زۆرەی پێشتر دەگەڕایەوە بۆ كۆمپانیاكانی پشكنین دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان.

5.كەمكردنەوەی ڕێژەی گومرگی لە دەروازەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕێژەی 5% بەم كارەش دەتواندرێت قەبارەی ئاڵوگۆری بازرگانی بگێڕینەوە بۆ دەروازەكانی هەرێمی كوردوستان.

6.پێشنیار دەكەین بە دروستكردنی ناوچەیەكی ئازاد (لە سنوری هەرێمی كوردستان) بۆ ڕێكخستنی ئەو بازرگانییەی مەبەست لێی بۆ دەرەوەی هەرێمە.

                  ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی