سلێمانی: کەمئەندامان بەردەوامن لە ڕەنگ کردنی ژیانیان

 
بەبێ گوێدانە قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان دوو خاوەن پێدویستی تایبەت لە پێشانگایەکی تایبەت بە خۆیان دەستڕەنگینی خۆیانیان لە نمایشکردنی تابلۆ و کاری دەستی سەلماند.
 
 لە گەلەری ئەمنەسورەکەی شاری سلێمانی، پێشانگایەکی شێوەکاری و کاری دەستی بۆ دوو خاوەن پێداویستی تایبەت لەلایەن ڕێکخراوی کۆمەڵەی ڕۆژی سلێمانی و ڕێکخراوی ڕۆحی تۆپی پێ کرایەوەو بڕیاڕە ئەمڕۆو سبەینێ بەردەوام بێت.
 
ئەفراح ئیبراهیم، خانمێکی دەستڕەنگینی شاری کەلارەو بەشداربووی پێشانگاکەیە، لەو بارەیەوە وتی: لەم پێشانگایەدا بە چەند تابلۆیەک و کاری دەستی بەشداریم کردووە، کە تابلۆکان باس لە گرفتەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و سروشت دەکات، وە چەند کارێکی دەستیشیم نمایش کردووە.

ئەفراح، وتیشی: ئامانجی بەشداریکردنم لەم پێشانگەیەدا نیشاندانی توانای خاوەن پێداویستی تایبەتە، وە کەسانێک هەن کە دەست ڕەنگینن لێرەوە پێیان دەڵێم کە پەرە بە دەستڕەنگینیان بدەن و ناکرێت خۆمان بچەوسێنینەوە کە ژیانمان ئەوهایە.
 
لهوان فەریح، گەنجێکی خاوەن پێداویستی تایبەتە کە لە شاری هەڵەبجەوەو بە نمایشکردنی تابلۆکانی لە پێشانگاکەدا بەشدارە و لەو بارەیەوە دواو وتی: لە پێشانگاکەدا ٣٦ تابلۆ بەشداریم کردووە، کە تابلۆکان دەرخستنی ئەو کێشە وگرفتانەیە کە ڕۆژانە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، وە تابلۆکان زیاتر گوزارشتبوون لەو کەسانەی کە بە مین و تەقەمەنی کەمئەندام بوون.

سەبارەت بە داهاتی ئەم پێشانگایە لهوان وتی: ئەگەر پێشانگاکە داهاتێکی هەبێت پێم خۆشە بۆ کەسانی قوربانی دەستی مین یاخود پێشمەرگەکانی کوردستان کە بەم دواییە  بونەتە قوربانی دەستی مین و تەقەمەنی، بێت.
 
لای خۆشیەوە، دلێر شێخ سەلام، بەرپرسی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی ڕۆژ، وتی: ئێمە وەکو کۆمەڵەی ڕۆژ بۆ کەسانی کەمئەندام کە لە ساڵی ١٩٩٢ دامەزراوین، لەم قەیرانەدا نەوەستاوین ئەمڕۆش ئەم پێشانگایەمان بۆ دوو خاوەن پێداویستی تایبەت کردەوە، کە ئەمڕۆ ئەو دوو خاوەن پێداویستیە تایبەتە هاتنەوە جارێکیتر بیەنەوە بە گوێی خەڵکی ڕۆشنبیر کە کەمئەندام نە مێشک و نە ئازایەتی ئەوەستێت، هەرچەند ڕامان گرن ئێمە هەر ناوەستین خەریکی ئیشی جوانین.


rojnews