هەوڵی بوژاندنەوەی بازاڕی سلێمانی دەدرێت


رێكەوت زەكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نوسراوێك ئاراستەی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەكات‌و داوای خۆسازدان بۆ پرۆسەی ئـاوەدانكردنەوەی موسڵ دەكات لەپێناو ڕاكێشانی زۆرترین پارە و بوژاندنەوەی بازاڕی سلێمانی.

لەبەشێكی نوسراوەكەدا هاتوە ” بەشێكی پارێزگای نەینەوا ئازادكراوە‌و چاوەڕواندەكرێت لەماوەی داهاتودا، ناوشاری موسڵ بەتەواوی ئازادبكرێتەوە، وەك زانراویشە دواتر پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە‌و بنیاتنانەوەی ئەو شارە دەستپێدەكات، بۆ ئەو مەبەستە‌و بەئامانجی راكێشانی زۆرترین پارە بۆ پارێزگای سلێمانی‌و بوژاندنەوەی بازاڕ‌و رەخساندنی زۆرترین چانس بۆ كۆمپانیا‌و كارگەكانی سنوری پارێزگەكەمان‌و هەلی كاركردن بۆ ئەم سنورە لەپرۆسەكەدا، بەتایبەت كەژمارەیەكی زۆر كارگەی چیمەنتۆ‌و بلۆك‌و كەرەستەكانی بیناسازی دەكەونە پارێزگای سلێمانییەوە”.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، پێشنیاردەكات “لەئیستاوە خۆسازدان وەك یەك تیم بۆ یەك ئامانج دەستپێبكەین بەهەماهەنگی نێوان ئەنجومەن‌و بەڕێزان پارێزگاری سلێمانی‌و ژوری بازرگانی سلێمانی‌و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە”.
 
لەپێشنیارێكی تریشیدا هاتوە “دەكرێت لەئەنجومەن لیژنەیەكی كاتی بۆ ئەو مەبەستە دروستبكرێت یان لەلیژنەكانی پیشەسازی‌و بازرگانی‌و كارگێڕی دارایی‌و پلان، لیژنەیەك پێكبهێنرێت”.

رێكەوت زەكی جەغت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە “ئامانج لەم ئامادەكاری‌و سازدانە تەنها بوژاندنەوەی بازاڕی سلێمانی بێت”.