مێركل.. به‌هێزترین ژنى دنیا


گۆڤاری فۆربس ساڵانە لیستی 100 ژنی هەرە بەهێزی جیهان لەبوارە جیاوازەکاندا بڵاودەکاتەوە، شەش ساڵی بەردەوامە” ئەنگێلا مێرکل” ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لەپلەی یەکەمدایە، ئەو سه‌ركردایه‌تى به‌هێزترین ئابورى ئه‌وروپا ده‌كات.

مێركل كۆتایى ساڵى رابردوو،  به‌كردنه‌وه‌ى سنوره‌كانی وڵاته‌كه‌ی به‌ڕووى سه‌دان هه‌زار په‌نابه‌ردا هه‌رایه‌كى گه‌وره‌ى له‌ئه‌وروپادا نایه‌وه‌، هەربۆیه‌ ئه‌و له‌لایه‌ن گۆڤارى تایمه‌وه‌ وه‌ك كه‌سایه‌تى ساڵى 2015 دیاریكرا. مێركل چوارهه‌مین ژنه‌ به‌درێژایى 150 ساڵ كه‌ ده‌بنه‌ كه‌سایه‌تى ساڵى ئه‌م گۆڤاره‌، یه‌كه‌مین ژن ڤالیس سیمپسۆن بوو له‌ساڵى 1936، دوه‌میان شاژن ئه‌لیزابێسى دوه‌م له‌ساڵى 1952، سێهه‌میان كۆریز‌وۆن ئه‌كینۆ بوو ساڵى 1986.

مێركلى ته‌مه‌ن 62 ساڵ، هاوڵاتى ئه‌ڵمانیاى رۆژهه‌ڵات بو، له‌سه‌رده‌مى كۆمۆنیسته‌كاندا ته‌نانه‌ت به‌ده‌ست دابینكردنى كارو بژێوى ژیانى رۆژانه‌یه‌وه‌ گیرۆده‌ بو، به‌ڵام توانى پێش ركه‌به‌ره‌ پیاوه‌كانى بكه‌وێت كه‌ هاوڵاتى ئه‌ڵمانیاى رۆژئاوا بون‌و وه‌ك یه‌كه‌مین ژن له‌مێژوى ئه‌ڵمانیا ببێته‌ راوێژكار‌و سه‌ركرده‌ى به‌هێزترین وڵاتى ئه‌وروپا. 

مێركل، ژنێكه‌ به‌ده‌گمه‌ن ده‌رباره‌ى ژیانى تایبه‌تى‌و خێزانیى خۆى ده‌دوێت، ده‌رباره‌ى هاوسه‌رى پێشوى تا ئێستا هیچ ناڵێت، ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ش كه‌ بۆچى تا ئێستاش منداڵى نیه‌؟ هیچ نادركێنێت، هه‌مو جارێك ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ش ده‌مكوت ده‌كات كه‌ سه‌ركێشیی ده‌كه‌ن‌و ده‌رباره‌ى ژیانى تایبه‌تی پرسیارى ئاڕاسته‌ ده‌كه‌ن. ئه‌نگێلا مێركل پێیوایه‌ كه‌ سیاسه‌تمه‌داران پێویسته‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى كردارو كاره‌كانیان هه‌ڵسه‌نگێندرێن، نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌ماى تایبه‌تمه‌ندییه‌ شه‌خسییه‌كان‌و ژیانى تایبه‌تیان. 

ئه‌و بێ ئه‌وه‌ى دایك بێت‌و خاوه‌نى منداڵ بێت، له‌ناو حزبه‌كه‌یدا به‌”دایكى میلله‌ت” ناوده‌برێت، رۆژنامه‌یه‌كى ئه‌ڵمانى له‌مباره‌وه‌ ده‌ڵێت “به‌ڕاستى مێركل دایكه‌، كه‌ ده‌ستى میهره‌بانى گرتوه‌ به‌سه‌ر وڵاتدا‌و به‌وپه‌ڕى به‌رپرسیارێتیه‌وه‌ ئه‌ڵمانیاى له‌روى سیاسى‌و ئابورى‌و كۆمه‌لایه‌تى‌و ژینگه‌ییه‌وه‌، له‌سه‌ركه‌وتنێكه‌وه‌ ده‌بات به‌ره‌و سه‌ركه‌وتنێكى تر”.

مێركل له‌دواى “هیلمۆت كۆل”، دوهه‌مین راوێژكارى ئه‌ڵمانیایه‌ كه‌ سێ جار له‌سه‌ر یه‌ك حكومه‌تى ئه‌ڵمانیا به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌گرێت. مێركل له‌كۆله‌وه‌ زۆر نزیك بو، ئه‌مه‌ش رۆڵى هه‌بو له‌هێنانه‌پێشه‌وه‌ى ئه‌ودا. ئه‌و كه‌ ساڵى 1986 بڕوانامه‌ى دكتۆراى له‌فیزیادا به‌ده‌سهێناوه‌، ساڵى 1990ه‌وه‌ بوه‌ ئه‌ندامى حزبى دیموكرات مه‌سیحى‌و هه‌ر له‌و ساڵه‌شدا وه‌ك نوێنه‌رى ئه‌و حزبه‌ چووه‌ په‌رله‌مانه‌وه‌‌و پاشان له‌حكومه‌ته‌كه‌ی هێڵمۆت كۆڵدا پۆستی وه‌زاره‌تی كاروباری ژنان‌و لاوانی گرته‌ ده‌ست.
 
دواترو پاش ئه‌وه‌ی زنجیره‌یه‌ك گه‌نده‌ڵی دارایی پارتی یه‌كێتی هه‌ژاند، رێگه‌خۆشبوو بۆ ئه‌وه‌ی مێركڵ ده‌سه‌ڵاتی پارتی یه‌كێتی بگرێته‌ده‌ست، ئه‌وه‌ بوو له‌هه‌نگاوێكی مێژوویی ئه‌و پارته‌داو له‌ 10/4/2000 مێركڵ وه‌ك یه‌كه‌م ژن له‌مێژووداو وه‌ك یه‌كه‌م هاوڵاتیی مه‌سیحیی پرۆستانتی به‌سه‌رۆكی پارته‌كه‌ هه‌ڵبژێردرا.  له‌ 22/11/2005 ئه‌م خانمه‌ بووه‌ یه‌كه‌م راوێژكاری ژن له‌مێژووی ئه‌ڵمانیادا.

ساڵى 2012، گۆڤارى فۆربس مێركلى به‌دوهه‌مین به‌هێزترین كه‌سى دنیا ناوبرد، كه‌ باڵاترین پله‌یه‌ تا ئێستا ژنێك پێیگه‌یشتبێت. هه‌روه‌ها فۆربس له‌ساڵانى 2011و 2012و 2013و 2014و 2015دا، مێركلى وه‌ك به‌هێزترین ژن له‌جیهاندا دیاریكردوه‌. 

ئه‌نگێلا مێركل كه‌ زمانه‌كانى روسى‌و ئینگلیزى‌و فه‌ره‌نسى ده‌زانێت، له‌شه‌ڕى دژ به‌داعشدا پشتیوانیه‌كى گه‌وره‌ى هه‌رێمى كوردستان بووه‌.

 ئا: ڕێژەن – گۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی