بەهۆی بارودۆخی ئاڵۆزی توركیاو هەوڵەكانی ئەردۆغان بۆ گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سەرۆكایەتی نرخی لیرەی توركی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە.
لەو بارەیەوە د. عیزەت سابیر سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری لە پەرلەمانی كوردستان بە پی یو كەی میدیای راگەیاند، دوو هۆكاری سەرەكی هەیە بۆ دابەزینی نرخی لیرەی توركی یەكەم ( هەوڵدانەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بۆ گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سەرۆكایەتی ) دووەم ( ئەو دۆخە ئاڵۆزەی توركیا كە هەر رۆژەو ژمارەیەك پەرلەمانتار و هاوسەرۆك و لایەنگرێكی پارتە كوردسەكان دەستگیردەكرێن و زیندانی دەكرێن ) ئەمانەو چەند هۆكارێكی تر هۆی سەرەكی دابەزینی نرخی لیرەی توركین.
لەبارەی دابەزینی نرخی لیرەی توركی و كاریگەریەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان د. عیزەت وتی: بەهۆی دابەزینی نرخی لیرەی توركی نرخی كەلوپەل و كاڵای توركی هاوردەكراو لە بازاڕەكانی هەرێم دادەبەزێت و ئەمەش تاڕادەیەك لەبەرژەوەندی خەڵكی هەرێمە بەڵام نەگاتە ئاستێك كەزیانی گەورە بە ئابوری توركیا بگەیەنێت چونكە ئەو كاتە بەشێوەیەكی ناڕستەوخۆ كاریگەریشی لەسەر وڵاتانی دەوروبەری توركیا دەبێت. ئاماژەی بەوەشكرد، لەهەر وڵاتێك جەنگ هەبێت و ئاڵۆزی ناوخۆیی هەبێت بەهای دراوەكەی دادەبەزێت.