بازرگانانی سلێمانی نیگەرانن لەبڕیارێکی حکومەت


بازرگانان لەسنوری پارێزگای سلێمانی نیگەرانن لە بڕیارێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە دانانی خاڵی گومرگیە بۆ گومرگ کردنەوەی ئەو بارانەی لە خوارو ناوەڕاسی عێراقەوە دێنەوە کوردستان.

سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پێشوازیکرد لە ژمارەیەک لە بازرگانانی ھێنان و ناردن لەسنوری پارێزگای سلێمانی کە نیگەرانن لەو بڕیارەی کەحکومەتی ھەرێم دەریکردووە بۆ گومرگ کردنەوەی ئەو بارانەی کە لەخواروی عێراقەوە دێنەوە کوردستان.

محەمەد حەسەن خاوەنی کۆمپانیای سارۆ ڕایگەیاند” دانانی خاڵی گومرگی لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە بۆ دوبارە گومرگ کرنەوەی ئەو کاڵایانەی کە لە خواروی عێراقەوە دێتەوە کوردستان زیان بە کاری بازرگانی و گرانبونی نرخی کاڵاکان لە سەر ھاوڵاتیان دەگەنێت”

ئاماژەی بەوەشدا” ئێمە داوا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین کە ئەو بڕیارە پیاچونەوەی بۆبکرێت گەر جێ بەجێبکرێت زیان بەکاری بازرگانی لە شاری سلێمانی دەکات”

لای خۆشیەوە سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازگانی و پیشەسازی سلێمانی بە بازرگانی ڕاگەیاند” لەسەر ئەو کێشەیە کۆبونەوەی تایبەت لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیەکانی تایبەت بەو بوارە ئەنجام دەدەن تا ھەوڵی زوچارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بدەین و کاری بازرگانی لە شاری سلێمانی پەکی نەکەوێت”

ئاماژەی بەوەشدا وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داواکاری بازرگانان بەرزدەکەینەوە بۆ شوێنی خۆی تا بتوانین کار ئاسانیان بۆبکرێت و ڕێگری لەکاری بازرگانی دروست نەبێت.

بەبڕیاری ژمارە 15869 ڕێکەوتی 22/12/2016  سەبارەت بەو کاڵاو کەلوپەلانەی کەلەدەروازەگومرگیەکانی شارەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراقی فدراڵ هاوردە کراون دواتر دەهێندرێنە ناو هەرێمی کورداستان، بەپێی نوسراوی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (1715) لە 21/7/2011 ئاماژە بە هەردوو نوسراوی وەزارەتی دارای و ئابوری ژمارە (17582) لە 28/11/2003 وە ژمارە (4615)لە 16/3/2014 بەمەبەستی زیاتر برەودان بە کاری بازرگانی و گومرگی بەهاوپێچ و ڕێنمای گومرگی تایبەت بە نوسینگە گومرگیەکانی نێوان هەرێم و شارەکانی عێراقی فیدراڵ.