تێچووی شەڕی داعش لەسەر عێراق ئاشکرادەکرێت

راوێژکارێکی حەیدەر عەبادی تێچووی شەڕی داعش لەسەر عێراق ئاشکرا دەکات، وێڕای ئەوەش  دەڵێت لە ساڵی 2016 دا قەرزی دەرەکی عێراق گەیشتووەتە 3.8 تریلیۆن دینار.



مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری ئابووری حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان رایگەیاند، عێراق لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا 40 ملیار دۆلاری لە شەڕی دژی تیرۆر خەرج کردووە.

 

راوێژکاری  ئابووری عەبادی دەڵێت، لە ساڵی 2014 ەوە عێراق بە دۆخێکی سەختدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام ئیدارەی دارایی بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە کاری کردووە و توانیویەتی سەلامەتی دارایی عێراق بپارێزێت.



مەزهەر محەممەد ساڵح ئاماژەی بەوەش کردووە، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی مەرجی بۆ پێدانی قەرز بە عێراق هەبووە بە ئامانجی باشترکردنی كەرتی ئابووری، وەک چاککردنی رەوشی دارایی، چاككردنی هەژمێرەی دەوڵەت و زۆر شتی دیکەی پەیوەست بە رەوشی دارایی و ئابووری.



لەبارەی قەرزی دەرەکییەوە، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، لە ساڵی 2016 دا قەرزی دەرەکی عێراق گەیشتووەتە 3.8 تریلیۆن دینار.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 داعش لە سووریاوە رووی لە عێراق كرد و یەكەمجار هێرشی كردە سەر شاری موسڵ، بەبێ بەرگرییەكی ئەوتۆش شارەكەی كۆنترۆڵ كرد، پاشان زۆربەی خاكی پارێزگاكانی سەڵاحەدین و روومادی و، بەشێك لە پارێزگاكانی كەركووك و بەغداشی گرت و لە پایتەخت نزیكبووەوە.

پاش دەستبەكاربوونی عەبادیش لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2014 دا هێرشی پێچەوانە بۆ سەر داعش دەستی پێكرد و ئێستا داعش تەنیا لە حەویجە، بەری راستی موسڵ و چەند بەشێكی كەمی ئەنبار ماوە، پێشبینیش دەكرێت لە چەند مانگی داهاتوودا بەتەواوی لە عێراق كۆتایی بە داعش بهێندرێت.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

ڕووداو