ئێران: بانكێكی تایبەت بەهەڵگرتنی روەكی زەعفەران دەكرێتەوە


حكومەتی ئێران بانكێكی تایبەت بەهەڵگرتنی رووەكی زەعفەران لە شاری توربەت حەیدەریە لە پارێزگای خۆراسان دەكاتەوە.

غولام رەزا كەریمی پارێزگاری دامەزراوە بانكیەكانی ئێران رایگەیاندوە: بەهۆی گرنگی ئەو سامانە نیشتمانیەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران بڕیاریانداوە لەژێر چاودێریەكی تونددا، بانكێكی تایبەت بەهەڵگرتنی رووەكی زەعفەران لە شاری توربەت حەیدەریە، كە گرنگترین ناوەندی پیشەسازی زەعفەرانە بكاتەوە.

ئەو بەرپرەسە ئێرانیە روونیكردەوە، لەبەر دۆخی ئەمنی شوێنی دیاریكراوی ئەو بانكە ئاشكرا ناكرێت، بەڵام لە ئێستادا توانای هەڵگرتنی 10 تۆن زەعفەرانی هەیەو بڕیارە لە داهاتووشدا توانای كۆگاكردنی بۆ 12 تۆن زیاد بكرێت، وتیشی هەڵگرتنی ئەو رووەكە پێویستی بەدۆخێكی گەرمی تایبەت هەیە بۆیە لەو شوێنەدا كۆگا دەكرێت.

وڵاتی ئێران بەگەورەترین سەرچاوەی بەرهەمهێنانی رووەكی زەعفەران ئەژمار دەكرێت‌و لە ئێستادا لەسەدا 90ی كۆی زەعفەرانی جیهان لە ئێران بەرهەم دەهێنرێت، هەروەها نرخی یەك كێلۆ گرام لەو ڕووەكە لە بازاڕەكانی جیهاندا نزیكەی دوو  هەزار دۆلارە.