ئەو ١٠ پیشەیەى لە ١٠ ساڵى داهاتوودا زۆرترین هەلى کاریان دەبێت


ماڵپەڕى هافينگتن پۆستى عەرەبى ئەو ١٠ پیشەى بڵاوکردووەتەوە کە لە ١٠ ساڵى داهاتودا زۆرین چانسیان دەبێت بۆ ئەوەى هەلى کارییان دەستبکەوێت.

 ماڵپەڕەکە دەنوسێت، ئەگەر لە قۆناغى بڕیاردانی بۆ خوێندن لە زانکۆدا ئەوا دەبێت لە ئێستاوە بیر لەوە بکەیتەوە کە چ پیشە و کارێک گرەنتى هەلى کارت بۆ دەکات لە داهاتوودا. هەربۆیەشە دەبێت لە ئێستادا بڕیار بدەیت کە لە چ بوارێکدا بخوێنیت یان لە چ بوارێکدا گەشە بە تواناکانت بدەیت.

لێرەدا گرنگترین ئەو ١٠ پیشەیە دەخەینەڕوو کە زۆرینەى کۆمپانیا و دامەزراوەکانى جیهان لە ماوەى ١٠ ساڵى داهاتوودا پێویستیان پێى دەبێت، هەربۆیەشە دەستکەوتنى هەلى کار لەو بوارانەدا زۆر ئاسان دەبێت:

١-پڕۆگرامسازى.. بازاڕى کار بەڕووى قۆناغێکدا دەکرێتەوە کە کۆمپانیا بچووک و گەورەکان پێویستیان بەوە دەبێت کە پڕۆگرامسازەکان کاروبارەکانیان بۆ تەواو بکەن. ئەگەر پسپۆڕى خوێندنى زانکۆت لەوبوارەدا نییە ئەوا دەتوانیت لەڕێگەى ئینتەرنێتەوە بوارى پرۆگرامسازى بخوێنیت.

٢-ئاسایشى زانیارى.. لەگەڵ زیاتر بوونى ڕووداوەکانى هاککردن و تێکشکاندن و دزینى زانیارییە تایبەتییەکان پێویستییەکى زیاتر دەبێت بە پسپۆڕانى ئاسایشى زانیاری، ئەمەش بۆ گەشەپێدانى پڕۆگرامە تایبەتەکان بێت یاخود بۆ کارکردن بۆ کۆمپانیا و دامەزراوە حکومییەکان.

٣-شیکارى داتا و ئامار.. داتاو زانیارى و ئامارەکان لە زۆر شوێندا بوونیان هەیە بەتایبەت بەهۆى بەرفراوان بوونى ئینتەرنێت. داهاتوو کراوەیە بەڕووى ئەوانەى دەتوانن ئامار و زانیاری و داتاکان کۆبکەنەوە و شیکارییان بۆ بکەن و ڕاوێژى پێویست لەبارەیەوە پێشکەش بە کۆمپانیا و دامەزراوەکان بکەن بۆئەوەى بڕیارى پێویست لەبارەیانەوە بدەن.

٤-وزەى جێگرەوە.. پێشبینى ئەوە دەکرێت کە کۆمپانیاى تایبەتمەند دروست ببێت بۆئەوەى ماڵ و خێزانەکان لەشوێنى ئەوەى پشت بە کارەبا ببەستن پشت بە وزەى خۆر ببەستن.

٥-یاساى نێودەوڵەتى.. تاوەکو دێت جیهان زیاتر لە یەکتر نزیک دەبێتەوە، لەبەرئەوە کێشە و تەنگژەکان زیاتر دەبن. پارێزەران و پسپۆڕانى یاساى نێودەوڵەتى دەرفەتى کارى گەورەیان دەبێت لە داهاتوویەکى نزیکدا.

٦-چاپى سێ ڕوویى.. تاوەکو دێت چاپخانەى کاغەز بەرەو کۆتایى دەچێت، بەهۆى ئەوەى دەتوانرێت لەماڵەوە زۆرێک لە کەلوپەلەکان چاپ بکرێن. لەئێستادا کۆمپانیا و ناوەندى تایبەت هەن بە پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى چاپى سێ دوورى.

٧-خوێندن لەسەر ئینتەرنێت.. پێویستە مامۆستایان زۆر شارەزا ببن لە بەکارهێنانى هۆکارەکانى فێرکردن لەڕێگەى ئینتەرنێتەوە. تاوەکو دێت وانەى تایبەت لەجیهانى حەقیقییەوە دەگوازرێتەوە بۆ جیهانى ئینتەرنێت.

٨-بەبازاڕکردن.. هەر پێگەیەکى ترى نوێ لە جیهانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەکرێتەوە دەروازەیەکى تر بەڕووى کۆمپانیاکاندا دەکاتەوە بۆئەوەى خەرجییەکى زۆر زیاتر بکەن لەوبوارەدا تاوەکو ڕیکلامەکانى تێدا بڵاوبکەنەوە. لەبەرامبەریشدا ئەو کۆمپانیاینە پێویستیان بە کەسانى پسپۆڕ هەیە بۆئەوەى ستراتیژى بەبازاڕکردن بخەنەڕوو و جێبەجێ بکەن.

٩-ڕاوێژکارى کەسى و تایبەت.. هەندێ کەس دەتوانن یارمەتى خەڵکانى تر بدەن بۆئەوەى کێشە کۆمەڵایەتییەکانیان تێپەڕێنن و پلان بۆ ژیانى تایبەت و پیشەییان دابنێن.

١٠-پلاندانەرى دارایى.. خەڵکى پێویستیان بە کەسانێک هەیە کە ئەزموونى لە جیهانى دارایدا هەبێت بۆئەوەى یارمەتیان بدەن لە داڕشتنى پلانێکى دارایى بۆ خانەنشین بوونیان یاخود بۆ دابینکردنى پێداویستییەکانى داهاتوویان.