دوكان: رێگری لە نۆژەنكردنەوەی كەپرە گەشتیارییەكان دەكرێت


خاوەن كەپرە گەشتیاریەكانی گوندی ساتكەی دوكان لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری دوكان كۆبوونەوەیەكی ناڕەزاییان ئەنجامدا‌و وەك خۆشیان دەڵێن: ساڵانە لەگەڵ نزیكبوونەوەی بەهاردا كەپر‌و شوێنە گەشتیاریەكانیان نۆژەن دەكەنەوە، بەڵام لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری دوكانەوە رێگەیان پێنادرێت.


خاوەن كەپرە گەشتیاریەكان دەڵێن: ئێمە دەمانەوێت ناوچەیەکی گەشتیاری مۆدێرن دورست بکەین بەڵام حوکمەتی هەرێم نەک هاوکاریمان ناکات بەڵکو زۆر رێگریمان لێدەکات و تا ئێستاش چەندین دۆسیەمان لەسەر کراوەتەو  چەندین کەس دەستگیرکراوە.

خاوەن کەپارەکان ئاماژە بەوەش دەکەن: ”زەویەکانمان لە باو باوپیرمانەوە بۆ ماواتەوە و زەوی خۆمانە، ئەگەر ئێمە زەوی کەسێکمان داگیرکردوە ئەگەر خەڵکی ئەم گوندە نین با حکومەتی هەرێم ئەو شوێنەمان پیشانبات کەلێوەی هاتووین”.

لای خۆشیەوە مەولود محەمەد بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوكان دەڵێت: پشتگیری داواكاری خاوەن كەپرەكان دەكەن، بەڵام كێشەی یاساییان هەیە‌و چەند جارێكیش داواكاری خاوەن كەپرەكان‌و پێشنیاری چارەسەریان بۆ سەرووی خۆیان بەرزكردۆتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەو كێشەكەیە چارەسەر نەكراوە.