بەمەبەستی زیادکردنی داهات، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کرێی زەوییە پیشەسازییەکانی بە رێژەی لەسەدا 300% واتا 16 هێندە، بەرزکردەوە، ئەمەش بووەتە هۆی داخستنی 20%ـی کارگەیان.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کرێی هەر مەترێک زەوی لە 150 دینارەوە بۆ دوو هەزار و 500 دینار زیادکرد، ئەمەش بووەتە هۆی داخستنی رێژەی 20%ـی کارگە پیشەسازییەکان و دانەمەزراندنی 150 کارگەی دیکە.
ئەم بڕیارە کاریگەری راستەوخۆی کردووەتە سەر پلانەکانی خاوەن کارگەکان، لەنێویشیان پلانەکانی سیروان، کە سێ ساڵە کارگەی پلاستیکی داناوە. سیروان دەڵێ بەهۆی زیادبوونی کرێی ئەو زەوییەی موڵکی شارەوانییە، پرۆژەی فراوانکردنی کارگەکەی راگرتووە.
ساڵی 2016، 150خاوەن کار مۆڵەتی دامەزراندنی کارگەی پیشەسازییان وەرگرت، بەڵام ئەمساڵ تەنیا 20 داواکاری پێشکەشکراون و، تاوەکو ئێستا کارگەیەکیش دانەمەزراوە، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیش زیادکردنی کرێی زەوییەکان بە هۆکاری سەرەکیی دانەمەزراندنی کارگەکان دەزانێت.
وەزارەتی شارەوانی نۆ هەزار زەویی بەکرێداوە، لەو رێژەیە زیاتر لە چوار هەزاریان زەوی پیشەسازین، زیادکردنی کرێی زەوییەکانیش لە مانگی ئادارەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، زیاتر لە سێ هەزار و 600 کارگەی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان هەن، بەهۆی قەیرانی دارایی و زیادکردنی باج و کرێی زەوییەکانیان، زیاتر لەسەدا 20%ـیان کارەکانیان وەستاندووە.
رووداو