سه‌رۆكی حزبی ئه‌ڵته‌رناتیفی راستڕه‌وی ئه‌ڵمانی: كارده‌كه‌ین بۆ نه‌هێشتنی مافی په‌نابه‌ری


كێشه‌ی په‌نابه‌ران بووه‌ته‌ كارتێكی به‌هێزی هێزه‌ توندڕه‌وه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی ئه‌ڵمانیادا. پارتی ئه‌ڵته‌رناتیف له‌ پێناوی ئه‌ڵمانیا خوازیاره‌ له‌ به‌رنامه‌ی سیاسی داهاتووی خۆیدا مافی په‌نابه‌ری هه‌لًَوه‌شێنێته‌وه‌و ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ش بگۆڕێت به‌ “مافی به‌زه‌یی” و به‌ ویست و ئاره‌زووی هه‌رێمه‌كانیش مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆسیه‌یه‌دا بكرێت.

پارتی ئه‌ڵته‌رناتیفی راستڕه‌وی ئه‌ڵمانیا جارێكیترو به‌ شێوه‌یه‌كی توندتر كێشه‌ی په‌نابه‌ران ده‌كاته‌ كارتێك بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی ئه‌ڵمانیا. ئه‌م حزبه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات مافی په‌نابه‌ری له‌ ئه‌ڵمانیادا نه‌هێڵێت. له‌مباره‌یه‌وه‌ “فراوكه‌ پیتری” سه‌رۆكی پارتی ئه‌ڵته‌رناتیفی راستڕه‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا وتی: ئێمه‌ خوازیارین و كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ مافی په‌نابه‌ری نه‌هێڵین و بیگۆڕین به‌ ده‌سه‌ڵاتێكی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌كان بۆ پێشوازیكردن یان پێشوازی نه‌كردنی ئه‌وانه‌ی كه‌ داوای ئه‌و مافه‌ ده‌كه‌ن!
وتیشی. كار بۆ گۆڕینی ناوی ده‌سته‌واژه‌ی مافی په‌نابه‌ری ده‌كه‌ین بۆ ناوی مافی به‌زه‌یی و ره‌حمه‌ت! ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ ده‌ستووری ئه‌ڵمانیدا له‌ مادده‌ی 1ی بڕگه‌ی 16دا مافی په‌نابه‌ری دانی پێدا نراوه‌.

“كاترین گیورنگ ئیكارت” سه‌رۆكی لیستی پارتی سه‌وزه‌كانی ئه‌ڵمانیا له‌ په‌رله‌مانی فیدراڵی له‌ كاردانه‌وه‌یه‌كدا وتی: خۆدابڕاندنمان له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه‌دا هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌، ئازایه‌تی ئه‌وه‌یه‌ كۆمه‌ڵگاكه‌مان له‌سه‌ر بنه‌مای فره‌یی بنیاتبنێین و بڕوامان به‌ ئازادی بیروبۆچوون هه‌بێت و له‌دژی ئه‌و لێدوانه‌ی سه‌رۆكی راستڕه‌وه‌كان بوو كه‌ وتبووی: ناتوانین ئه‌و كه‌سانه‌ قبوڵ بكه‌ین كه‌ به‌هه‌ر هۆكارێك بێت ده‌گه‌نه‌ ئه‌ڵمانیا!

حزبی ئه‌ڵته‌رناتیفی راستره‌وی ئه‌ڵمانی نه‌ك بۆ دیموكراسی له‌ ئه‌ڵمانیادا بووه‌ته‌ جێی مه‌ترسی، بگره‌ بۆ موسوڵمانان و په‌نابه‌ران و جوله‌كه‌كانیش بووه‌ته‌ مۆته‌كه‌یه‌كی گه‌وره‌و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاینده‌ی پێكه‌وه‌ ژیانی ئه‌م وڵاته‌ ده‌كات.