وەزارەتی كارەبای هەرێم یەك ملیار دۆلاری كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنانی كارەبا قەرزدارەو كۆمپانیاكەش داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە مووچەی كارمەندەكانی دابین بكات، بۆ ئەوەی بەردەوامبن لەكاركردن.
حەمە ئەمین هەورامی وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم بەسایتی پیو كەی میدیای راگەیاندوە: راستە وەزارەتی كارەبا، بەبڕی ملیارێك دۆلار قەرزداری كۆمپانیایەكی وەبەرهێنانی كارەبایەو لەو بارەیەوە چەندین سكاڵای ئەو كۆمپانیایەمان پێگەیشتووە، بەڵام كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بەردەوامن لە كارەكانیانو ئێمەیان ئاگاداركردۆتەوە كە مووچەی كارمەندەكانیان دابین بكەین، ئەوان لە كارەكانیان بەردەوام دەبن.
وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم ئاماژەی بەوەشكردوە: كە ئەوان داوایان لە حكومەتی هەرێم كردوە كە ئەو قەرزە دابین بكات، چونكە ئەوە لە دەسەڵاتی وەزارەتی داراییدایە كە ئەو قەرزە بداتەوە نەك وەزارەتی كارەبا.
هەورامی تەئكیدیشیكردەوە: كە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بەنیاز نین كارەكانیان رابگرنو لەسەر كارەكانیان بەردەوام دەبن.