لەبەردەوامی ئەو چالاکییە هونەرییو ئەدەبییانەی لەسلێمانی بەڕێوەدەچن، رۆژی 23/1/2017، وەكو نەریتی هەموو ساڵێك مەراسیمی یادی هونەرمەندی گەورە محەمەدی ماملێ كرایەوە.
لەو مەراسیمەدا کە كۆمەڵەی هونەری میللی كوردستان رێکیخستبوو هەروەها بەئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لەهونەرمەندانو عاشقانی دەنگی ماملێ لە قاوەخانەی كلتوریی فەرمانبەران لەسلێمانی بەڕێوەچوو، تێیدا چەندین بەرهەمی گۆرانی ماملێ لەلایەن چەند گۆرانیبێژێكەوە وترانەوە.
هەر لەمەراسیمەکەدا بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیرییو هونەری سلێمانی وتەیەكی پێشكەشكردو وێڕای دەستخۆشی لە كۆمەڵەی هونەری میللی، پێگەو رەسەنایەتی هونەری مامۆستا ماملێی بەرز نرخاند كە یەكێكە لە قوتابخانە گرنگو پڕ بەهاكانی گۆرانیی كوردیو وتی: پێویستە هەموو ساڵێكو هەموو كاتێك هونەرمەندی گەورەی وەكو ماملێمان لەیادبێتو رێزیان لێبگرین.
هەر لەیادەكەدا، جەزای ساز بەناوی كۆمەڵەی هونەری میللییەوە سوپاسی ئامادەبووانی كردو رایگەیاند كۆمەڵەكەیان بەشانازییەوە هەموو ساڵێك یادی مامۆستا محەمەدی ماملێی کردۆتەوەو دەكاتەوە.