دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئەمڕۆ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ واژوو لەسەر ئەو بڕیارە دەکات کە پێشنیازی هەڵچنینی دیواری ئەمریکا و مەکسیک دەکات و پێدانی ڤیزەی وڵاتەکەی بۆ سووریا و عێراق و ئێران و سێ وڵاتی تر بەشێوەیەکی کاتی دەوەستێنێت.
میدیای ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکات کە ترەمپ واژوو لەسەر بڕیارنامەیەک دەکات بەمەبەستی هەڵچنینی دیوار لەسەر سنووری مەکسیک و راگرتنی پێدانی ڤیزە بەهاووڵاتییانی ژمارەیەک وڵات.
ژمارەیەک لە ناوەندەکانی راگەیاندن ئاماژە بەوە دەکەن ماوەی چوار مانگە هیچ جۆرە کۆچبەرێک لە ئەمریکا وەرناگیرێت و لە سنوورەکان ناکرێنە ژوور.
لەهەمان بڕیارنامەدا ئاماژە بەوە دەکرێت کە سەردانیکردن بۆ وەرگرتنی ڤیزا بۆ هاووڵاتییانی سووریا، عێراق، ئێران، لیبیا، سودان، سۆماڵ و یەمەن بەشێوەیەکی کاتی رادەگیرێت تاکو پرۆسەیەکی ئەمنی توند دەگیرێتەبەر. میدیای ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو ماوەیە ٣٠ رۆژە.