عەبادی وه‌ڵامی ترامپ ده‌داته‌وه‌و رایده‌گه‌یه‌نێت : نەوتی عێراق بۆ عێراقییەكانە


سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق  وه‌ڵامی دۆناڵد ترامپی سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌داته‌وه‌و رایده‌گه‌یه‌نێت نه‌وتی عێراق موڵكی عێراقیه‌كانه‌ و موقته‌دا سه‌دریش داوای داخستنی‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ به‌غدا ده‌كات. 

حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ وه‌ڵامی دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مریكادا كه‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا وتبوی ده‌بوایه‌ ئه‌مریكا یه‌ده‌گی نه‌وتی‌ عێراقی ببردایه‌،  ڕایگه‌یاند نه‌وتی‌ عێراق ته‌نیا موڵكی عێراقیه‌كانه‌.

رۆژی شه‌ممه‌ی‌ ڕابردوو له‌ وته‌یه‌كدا له‌به‌رده‌م به‌رپرسانی سی ئای ئه‌ی، دۆناڵد ترامپ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ئه‌مریكا ده‌بوو نه‌وتی عێراق به‌رێت له‌بری گێڕانه‌وه‌ی تێچوی شه‌ڕی ساڵی 2003ی ئه‌مریكا دژی عێراق كه‌ به‌ كه‌وتنی رژێمه‌كه‌ی سه‌دام حسێن كۆتایی هات.

حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكرد ڕوون نییه‌ مه‌به‌ستی دۆناڵد ترامپ له‌و قسه‌یه‌ چی بووه‌، ئایا مه‌به‌ستی له‌ ساڵی 2003 دا بووه‌، یان مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بووه‌ ئه‌و كاره‌ی‌ بكردایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ داعش نه‌یتوانیایه‌ ده‌ست به‌سه‌ر به‌شێك نه‌وتی‌ عێراقدا بگرێت.

هاوكات موقته‌دار سه‌دری ڕابه‌ری ڕه‌وتی‌ سه‌در له‌ كاردانه‌وه‌ی‌ قسه‌كانی‌ ترمپدا داوای داخستنی‌ باڵوێزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ عێراق ده‌كات.