خەڵاتی ئەمساڵی ماملێ‌ بە خالقی دەدرێت


لەیادی (18) هەمین ساڵیادی كۆچی دوایی (موحەمەدی ماملێ)، خەڵاتی ئەو هونەرمەندە كۆچكردووە، پێشكەش بە هونەرمەندی كورد (مەزهەری خالقی) دەكرێت.

مەڵبەندی هونەری ماملێ، هونەرمەندی گەورەی كورد (مەزهەری خالقی) بۆ خەڵاتی (2017) ی ماملێ دەستنیشان كردو بڕیارە لە مەراسیمێكی تایبەتیدا ئەو خەڵاتە پێشكەش بەو هونەرمەندە كوردە بكرێت.

مەڵبەندی هونەری ماملێ، هۆكاری دەستنیشانكردنی خەڵاتی (2017) ی ئەمساڵی، بۆ خزمەتە بەرچاوەكانی ئەو هونەرمەندە كوردە لە بواری گۆرانی و موسیقا، نەخشاندنی گۆرانی بە موسیقای زانستی و سەردەمیانەو تێكەڵكردنی تێكستی جوان و ڕازاوە بۆ میلۆدییەكان گەڕاندەوە. (مەزهەری خالقی) بۆ گەشەپێدانی كلتوورو هونەری كوردی بێوچان لە تێكۆشاندا بووە و لە ساڵی (2003) دا بە بونیادنانی سەنتەرێك بەناوی (ئەنستیتۆی كەلەپووری كورد)، لە هەوڵدا بوون تاكو لەناو جەرگەی كوردستان و بە شێوەیەكی سەربەست و ئازادانە، درێژە بە خەباتی نەپساوەی كلتووری و هونەری بدات.

مەڵبەندی هونەری ماملێ لە دەیەمین ساڵوەگەری كۆچی دوایی هونەرمەند (موحەمەدی ماملێ) دا بە ئامانجی هاندان و پەرەپێدان و گەشەپێدانی هونەر لە ناو كۆمەڵگەی كوردەواری و بە شێوەیەكی فەرمی لە وڵاتی نەرویج دامەزرا.

تاكو ئێستا چەندین كەسایەتی هونەری و فەرهەنگی وەكوو (قالە مەڕە، ئەندریۆس ئیسرائیل، عەباس كەمەندی، عەزیز شارۆخی ناسر ڕەزازی) خەڵاتی ماملێیان وەرگرتووە.