حکومەتی عێراق پابەندبوونی خۆی بەڕێککەوتنی نێودەوڵەتی تایبەت بەکەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت دووپاتکردەوە و ئاشکرایکرد، عێراق بەرھەمی نەوتی خۆی رۆژا نە بەبڕی ١٨٠ ھەزار بەرمیل کەمکردۆتەوە.
“جەبار لعێبی”وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لەپێناو پشتگیریکردنی نرخی نەوت و بەدەنگەوەچونی رێککەوتنەکەی ئۆپیک کە تایبەتە بەکەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت، عێراق رۆژانە بەرھەمھێنانی نەوتی خۆی بەبڕی ١٨٠ ھەزار بەرمیل کەمکردۆتەوە.
وەزیری نەوتی عێراق وتیشی، لەم مانگەدا عێراق کەمکردنەوەی بەرھەمێنانی بڕی ٣٠ ھەزار بەرمیل نەوتی تر جێبەجێدەکات، ئاشکراشیکرد ، پێش رێککەوتنەکەی ئۆپیک بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت، بەرھەمی نەوتی عێراق ٤ ملیۆن و ٧٥٠ ھەزار بەرمیل بووە لەرۆژێکدا.
بەکاریگەری بەڵێنەکانی ئەندامانی ئۆپیک بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەم،نرخی نەوت لەبازارەکانی جیھان تارادەیەک بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، ھەرچەندە پێشبینی دەکرا نرخی نەوت بە شێوەیەکی فراوانتر گەشەی بکردایە، بەڵام بە ھۆی زیادبوونی بەرھەمی نەوتی ئەمریکا ھیشتا بەرزبوونەوەکە لەئاستی پێویستدا نییە.