هەنگاریا پرۆژەی ستراتیژی لە بواری كشتوكاڵ و ڤێتێرنێری لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ‌ دەكات


حكومەتی هەنگاریا پێنج پرۆژەی ستراتیژی لە بواری كشتوكاڵ و ڤێتێرنێری لە هەرێمی كوردستان بە قەرزی درێژخایەن جێبەجێ دەكات.

دوێنێ عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئیشتیڤان ئیمری، جێگری كونسوڵی هەنگاریا لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كۆبووەوە، كە بریتیبوون لە خاوەنانی دوو پرۆژەی ماسی و شیرەمەنی هه‌روه‌ها لە كۆبوونەوەكە شاندی هەنگاریا باسی ئەو كۆنگرەیان كرد، كە ساڵی 2012 لە هەنگاریا بە بەشداری 100 وڵات بەڕێوەچوو، كە تایبەت بە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاودا.

لەو كۆنگرەیەدا چەندین راسپاردە و بڕیاری گەڵاڵە كران و ئەو راسپاردانەش پێشكەش بە وەزیری كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان كران ،هەروه‌ها وەزیری كشتوكاڵ و كونسوڵی هەنگاریا گفتوگۆ لەبارەی چەندین پرۆژەی ستراتیژی لە هەرێمی كوردستان كرا، كە بڕیارە بە پاڵپشتیی دارایی بانكەكانی هەنگاریا بە قەرزی درێژخایەن جێبەجێ بكرێن.

ئەو پێنج پرۆژەیە پێكهاتوون لە: بەخێوكردنی ماسی، دروستكردنی 18 ساردخانە، بەخێوكردنی وشترمل، پرۆژەی پەلەوەری تەواوكەر و بەخێوكردنی مانگا بە مەبەستی شیر و جۆرەكانی، كە ئەوەی دوایی چەند پرۆژەیەكی بچووكیش بۆ جوتیاران لەخۆدەگرێت.