وەزارەتی نەوتی ئێران لە رۆژی سێشەممەوە 23-1-2017، دەست بە هەناردەکردنی گازی سرووشتی دەکات بۆ عێراق، گازەكە لەڕێگەی ئەو بۆڕییەوە هەناردە دەكرێت کە لە ئێرانەوە بۆ عێراق راكێشراوە و چەند ساڵێک بوو كاری لەسەر دەكرا. بیژەن زنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە ساڵی 2009 لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا واژۆکراوە، رۆژی سێشەممە دەست بە هەناردەکردنی گازی سرووشتی بۆ عێراق دەکەن.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئێران دەبێت رۆژانە 20 بۆ 25 ملیۆن مەتر سێجا گازی سرووشتی هەناردەی عێراق بکات.
بڕیاربوو راکێشانی بۆڕی گازی سرووشتی لە ئێرانەوە بۆ عێراق لە ساڵی 2013 دا تەوا بکرێت، بەڵام لەبەر کێشەی ئەمنی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە دواخرا. جگە لە رێککەوتنەکەی ساڵی 2009، هەردوو وڵاتی ئێران و عێراق لە مانگی 10 ی ساڵی رابردوودا رێککەوتنێکی نوێیان بۆ هەناردەکردنی گازی سرووشتی واژۆكرد، بەپێی رێككەوتنەكەش ئێران رۆژانە 25 بۆ 40 ملیۆن مەتر سێجا گازی سرووشتی لە ئێرانەوە بۆ بەندەری بەسرە هەناردە دەكات.