بۆنى سمڵ و مێخه‌كى یه‌خه‌ى نازه‌نین تێكه‌ڵ به بۆنى ته‌ڕى كێڵگه‌كه‌ى بووه، هه‌رچه‌نده ته‌مه‌ن زۆرى بۆ هێناوه، به‌ڵام به وره‌یه‌كى به‌رزه‌وه به‌رده‌وامه له‌و كاره‌ى كه پێشتر و ئێستا سه‌رچاوه‌ى بژێویى ژیانى بووه، به دڵێكى میهره‌بانه‌وه ده‌رگاى كێڵگه‌كه‌ى واڵا كردووه، بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى ڕێیان له كێڵگه‌كه‌ى ده‌كه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ى سه‌وزه‌ى لێ بڕنن.
نازه‌نین ئه‌حمه‌د ناسراو به نازه‌نینى میمكه ته‌له (٦٣ ساڵ)، دانیشتووى قه‌زاى ده‌ربه‌ندیخان سه‌ر به ئیداره‌ى گه‌رمیان، له ته‌مه‌نى 16 ساڵیدا له‌گه‌ڵ مه‌حمود عه‌لى خزمیان ژیانى هاوسه‌رگیریى پێك هێناوه، پێش ڕاپه‌ڕین له گوندى ده‌ره‌دۆینى باشوورى قه‌زاى ده‌ربه‌ندیخان نیشته‌جێ بوون، له دواى ڕاپه‌ڕینه‌وه چوونه‌ته ده‌ربه‌ندیخان، له كێڵگه‌یه‌كى 25دۆنمیدا له گونده‌كه‌یاندا، 25 ساڵه سه‌رقاڵى به‌رهه‌مهێنانى دانه‌وێڵه و سه‌وزه‌یه، به‌و به‌رهه‌مانه‌ى له كێڵگه‌كه‌دا به‌رهه‌مى ده‌هێنێت حه‌وت منداڵى گه‌وره كردووه، یارمه‌تیی چه‌ندین كه‌سى هه‌ژاریشى داوه.
نازه‌نین له كێڵگه‌كه‌یدا سه‌رقاڵى ڕنینى ئه‌و سه‌وزه‌یه بوو كه مانگێك پێش ئێستا چاندبووى، به چەقۆكه‌ى ده‌ستى سه‌وزه‌كه‌ى ده‌بڕى و په‌یتاپه‌یتا عه‌لاگه‌كانى ده‌ستى پڕ ده‌كرد، له‌گه‌ڵ ڕنینى سه‌وزه‌كه‌دا ئه‌و گیایانه‌ى هه‌ڵده‌كه‌ند كه سه‌وز بوون و زیان به به‌رهه‌مى كێڵگه‌كه‌ى ده‌گه‌یه‌نن.
نازه‌نین وتی: ״له دواى 91كه‌وه گه‌ڕاومه‌ته‌وه بۆ سه‌ر كێڵگه‌كه‌م، فاسۆلیا، پاقله، گێزه‌ر و هه‌موو جۆره جیاوازه‌كانى سه‌وزه، بامێ، ته‌ماته، شێلم و توور، جۆ و گه‌نم، چه‌ڵتووك، ده‌چێنم״.
هه‌موو ساڵێك پێنج دۆنم مه‌ره‌زه ده‌كات، زیاتر له سێ ته‌ن چه‌ڵتووك به‌رهه‌مى هه‌یه.
نازه‌نین، ژنێكى سپیپێستى كه‌ڵه‌گه‌ته، به‌ڵام ته‌مه‌ن و خه‌مى ژیان و شه‌هیدبوونى سێ براى زیاتر ڕه‌نگى پیریى پێ به‌خشیوه‌و پشتى چه‌ماندووه‌ته‌وه، خاوه‌نى حه‌وت منداڵه، ״هه‌موو منداڵه‌كانم به ڕه‌نجه‌شانى خۆم و به فه‌لاحه‌ت و وڵاخ به‌خێوكردن به‌خێو كردوون، ئه‌و كاته‌ى وه‌زعى مووچه‌خۆران باش بوو ده‌ستم له كاره‌كه‌م هه‌ڵنه‌گرت، به منداڵه‌كانم ده‌وت ئه‌م مه‌عاشه تاسه‌ر وا نابێت ده‌ست له زه‌وییه‌كان و كشتوكاڵكردن به‌رمه‌ده‌ن״. نازه‌نین واى وت.
نازه‌نین به جۆرێك هۆگرى كێڵگه‌كه‌ى بووه ئه‌گه‌ر ڕۆژێك نه‌یه‌ته سه‌ر كێڵگه‌كه‌ى به هۆى پرسه‌یه‌كه‌وه یان سه‌ردانیكردنى نه‌خۆشێكه‌وه وه‌ك له زینداندا بێت وایه، جه‌ختی كرده‌وه كه دێته ناو كێڵگه‌كه‌ى هه‌موو خه‌موخه‌فه‌تێكى له بیر ده‌چێته‌وه‌و ״ئیشێك به ده‌ست و ڕه‌نجى خۆت نه‌یكه‌ى نه سوودى هه‌یه نه خۆشى تێدایه.״
جووتكردن به وڵاخ و گیره‌كردن و شه‌ن و خه‌رمان هه‌ڵگرتن ئه‌و ئیشانه‌ن كه نازه‌نین له ڕابردوودا و پێش هاتنى ئامرازه پێشكه‌وتووه‌كانى كشتوكاڵكردن كردوویه‌تى، خۆشى به ته‌نها دره‌وى گه‌نم و جۆ و چه‌ڵتووك و گێره‌ى كردووه، دواتریش شه‌نى كردووه و له‌سه‌ر خه‌رمان هه‌ڵى گرتووه‌ته‌وه.
نازه‌نینى میمكه ته‌له، ده‌یه‌وێت خۆى له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانى ته‌مه‌نیدا بگونجێنێت، وتى: ״حه‌زى ئیشكردنم زۆره، به‌ڵام كاتێك هه‌وڵ ده‌ده‌م توانا و هێزى ئه‌وسام نه‌ماوه، ئه‌مه‌ش زۆر خه‌فه‌تى پێ ده‌خۆم، ئه‌وسا ڕۆژێك تا ئێواره به به‌رده‌وامى ئیشم ده‌كرد ته‌نها بۆ نانخواردن و نوێژكردن ده‌وه‌ستام، ئێستا دوو تا سێ كاتژمێر توانام هه‌یه״.
نازه‌نین له سه‌ره‌تاى كاركردنیدا له‌كێڵگه‌كه‌یدا ڕووبه‌ڕووى قسه و توانجى ده‌وروبه‌رى بووه‌ته‌وه، زۆرى پێ وتراوه ئه‌وه ئیشى پیاوه خۆت به چییه‌وه خه‌ریك ده‌كه‌ى، یان زۆر كه‌س به״عه‌یبه״ له ئیشكردنى ئه‌ویان ڕوانیوه.
نازه‌نین ته‌ندرووستییه‌كى باشى هه‌یه‌و جگه له حه‌بى ئازارشكێن تا ئێستا هیچ ده‌رمانێكى تر‌ى به‌كار نه‌هێناوه، هۆكارى ته‌ندرووستییه باشه‌كه‌شى بۆ به‌رده‌وامیى كاركردن له‌ناو كێڵگه‌كه‌یدا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
״ئه‌گه‌ر ئیشم نه‌كردایه ئیستا له جێگه‌دا كه‌وتبووم و چه‌ند كه‌سێكم به خۆمه‌وه ماندوو كردبوو، بۆیه تا ماوم به‌رده‌وامم له ئیشه‌كه‌م و مه‌گه‌ر مه‌رگ كۆڵم پێ بدات.״ ژنه جووتیاره‌كه‌ى واى وت.
له سنوورى ده‌ربه‌ندیخاندا 40 جووتیارى نموونه‌یى هه‌ن، ئه‌م ژنه جووتیاره هه‌رچه‌نده چه‌ندین ساڵه به‌شێك له پێداویستییه‌كانى ده‌ربه‌ندیخان پڕ ده‌كاته‌وه به‌ڵام تا ئێستا هیچ خه‌ڵاتێك نه‌كراوه.
ئه‌مجه‌ت ئه‌سعه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى كشتو‌كاڵى ده‌ربه‌ندیخان، به ״ئاژانس״ى ڕاگه‌یاند نازه‌نین یه‌كێكه له جووتیاره نموونه‌ییه‌كان توانیویه‌تى به‌شێك له پێداویستییه‌كانى قه‌زاكه وه‌ك بامێ و ته‌ماته و چه‌ندین سه‌وزه‌ی تر پڕ بكاته‌وه.
وتیشى: ״نازه‌نین یه‌كێكه له‌و جووتیارانه‌ى شایه‌نى خه‌ڵاته، به‌ڵام به هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه خه‌ڵاته‌كان بوون به خه‌ڵاتى ڕه‌مزى، ئێمه ده‌مانه‌وێت خه‌ڵاتێك بێت كه جووتیار سوودى لێ ببینێت له به‌رهه‌مهێناندا، وه‌ك خانووى پلاستیكى یان تراكتۆر یان هه‌ر ئامرازێكى تر‌ى كشتو‌كاڵى، پێمان باشه خه‌ڵاتێك بكرێت كه هیچ نه‌بێت بارته‌قاى ماندووبوونه‌كانى بێت״.
ئاژانس