کتێبی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیو هاووڵاتیان) چالاكی، بەدواداچوون، هەڵسەنگاندن، كە لە چوارچێوەی راپۆرتی كۆتایی پڕۆژەی بەهێزكردنی ئەدای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیو پتەوكردنی پەیوەندی لەگەڵ هاووڵاتیاندا لەلایەن رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان ئامادە كراوە، كەوتە بەر دیدی خوێنەران.
دەست گەیشتن بە سەرچاوەی زانیاری
لە پێشەكی كتێبەكەدا كە لە (219) لاپەڕە پێكهاتووە، نووسراوە: «ئاشكرایە یەكێك لە گرنگترین ئەركو رۆڵی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بریتییە لە چاودێریكردنو هەڵسەنگاندنی دەسەڵاتە گشتییەكان. هەر لەو بوارەشدا (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان بۆ پەرەپێدانی دیموكراسی)، سێهەمین پڕۆژەی خۆی بۆ بەدواداچوونو هەڵسەنگاندنی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی)، ئەنجامدا. هەروەها رۆڵێكی دیكەی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بریتییە لە پاڵپشتیكردنی بەشداری سیاسی لە رێگەی بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاكو كۆمەڵگە، چونكە ناكرێت بەبێ بەشداری هاووڵاتیان لە پڕۆسەی بڕیاردا، دەسەڵاتی یاسا بە دیموكراسیو شەفاف ناوزەند بكرێت. ئەمەش خۆی لە ئاشنابوونی هاووڵاتیاندا دەبینێتەوە لە بەدەست گەیشتن بە سەرچاوەی زانیاری».
بەشو پێكهاتەکانی کتێبەکە
لە بەشێكی دیكەدا ئەوە روونكراوەتەوە، لەپێناوی گەڕاندنەوەی متمانە لەنێوان دەسەڵاتو هاووڵاتیاندا، (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان)، لە سێهەمین پڕۆژەی خۆیدا بەناوی (پڕۆژەی بەهێزكردنی ئەدای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیو پتەوكردنی پەیوەندی لەگەڵ هاووڵاتیاندا)، بەهاوكاری رێكخراوی (NED) ئەمریكی لە ماوەی (1/10/2015 – 30/9/2016) هەستا بە ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا.
كتێبە لە حەوت بەش پێكهاتووە، كە گرنگترینیان بریتییە لە: (چالاكییەكانی پڕۆژەكە، پێكهاتەو كۆبوونەوەو بڕیارەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، چالاكی لیژنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، هەڵسەنگاندنو پاشكۆكان).
چالاكی لێژنەكانی ئەنجومەنەكە
لە بەشی سێهەمی كتێبەكەداو سەبارەت بەكۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەماوەی نێوان (1/10/2015 – 30/9/2016)دا ئەوە ئاشكرا كراوە، كە لەو ماوەیەدا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تەنیا (9) كۆبوونەوەی ئەنجامداوە، لەكاتێكدا بەپێی بڕگەی یانزەی ماددەی (10) پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنەكە، دەبوو (52) كۆبوونەوە ئاسایی ساز بكرایە.
لە بەشێكی دیكەداو دەربارەی چالاكی لێژنەكانی ئەنجومەنەكە، ئاماژە بەوە كراوە، كە چالاكی لیژنەی كاروباری یاسایی لە ماوەی ساڵێكدا بریتی بووە لە (26) چالاكی. هاوكات چالاكییەكانی لیژنەی تەندروستیو ژینگە لە ساڵێكدا (20) چالاكی بووە. چالاكییەكانی لیژنەی پەروەردەو فێركردنیش لەو ماوەیەدا (25) چالاكی بووە. لیژنەی كارگێڕیو داراییو ئابووری (10) چالاكی، لیژنەی كاروباری ئاینی (8) چالاكی، لیژنەی خزمەتگوزاریی شارەوانیو هاتوچۆو گواستنەوەو گەیاندن (53) چالاكی، لیژنەی پارێزگاریی (ئاسایش، پۆلیس، بەرگری شارستانی) 19 چالاكی، لیژنەی هونەریی (پلانو پڕۆژەكانو ئاوەدانكردنەوەو وەبەرهێنانو گەشتوگوزار) 34 چالاكی، لیژنەی كۆمەڵایەتی (2) چالاكی، لیژنەی رۆشنبیریو هونەرو راگەیاندنو پاراستنی ئاسەوار (8) چالاكی، لیژنەی مافی مرۆڤو كۆچو كۆچبەران (11) چالاكی.
هەڵسەنگاندن
هاوكات، لە بەشی هەڵسەنگاندندا هاتووە: (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان بۆ پەرەپێدانی دیموكراسی)، بە چەند خاڵێك هەڵسەنگاندن دەخەینەڕوو، كە دابەشكراوە بەسەر (9) تەوەرداو بریتین لە:
یەكەم: خوێندنەوەی تایبەت بە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەن.
دووەم: خوێندنەوەی تایبەت بە كۆبوونەوەی ژمارە (29)ی ئەنجومەن لە (25/8/2016)دا.
سێهەم: خوێندنەوەی تایبەت بە ئەندامانی ئەنجومەن.
چوارەم: خوێندنەوەی تایبەت بە لیژنە هەمیشەییەكانی ئەنجومەن.
پێنجەم: ئەنجومەنو رۆڵی لە قەیرانەكانی سنووری پارێزگای سلێمانیدا.
شەشەم: ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیو یاسای ژمارە (3)ی ساڵی (2009).
حەوتەم: رێكەوتنی سیاسی نێوان (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان)و (بزوتنەوەی گۆڕان)و كاریگەری لەسەر ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.
هەشتەم: كێشەی هاووڵاتیانو ئەنجومەنی پارێزگا.
نۆیەم: هۆبەی زانیاری پێدان لە ئەنجومەنی پارێزگا.
لەكۆتایی كتێبەكەشدا، ژمارەیەك خشتەو نووسراوی فەرمیو وێنەی كۆبوونەوەو چالاكییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی خراونەتەڕوو.