كه‌م كوچه‌و كۆڵانی شاره‌كانی كوردستان هه‌یه به‌كامێرای چاودێری نه‌ته‌نرابێت، به‌شی زۆری ئه‌م پرۆسه‌یه له‌سه‌ر داوای هێزه ئه‌منییه‌كانه‌و هه‌ندێكیشی هاوڵاتیان خۆیان دایده‌نێن.
پۆلیس‌و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ده‌یانه‌وێت چاو له‌ئه‌زموونی وڵاتانی خۆرئاوا بكه‌ن‌و زۆربه‌ی گه‌ڕه‌ك‌و شوێنه‌گشتی‌و بازاڕه‌كان به‌كامێرای چاودێری روماڵ بكه‌ن، ئه‌وه‌ش وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن به‌ئامانجی پاراستنی ئه‌منیه‌تی شاره‌كانه، ئێستا له‌هه‌ولێری پایته‌خت ئه‌وه‌نده كامێرای چاودێری هه‌یه ره‌نگه هه‌ندێ له‌پایته‌خته به‌ناوبانگه‌كانی دنیاش ئه‌و ژماره كامێرایه‌یان نه‌بێت.
ده‌زگا ئه‌منییه‌كان رایده‌گه‌یه‌نن دانانی سیسته‌می كامێرای چاودێری بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران‌و بكه‌رانی ئه‌و رووداوانه به‌كارده‌هێنن كه له‌ده‌ستیان هه‌ڵدێن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش شاری هه‌ولێر پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، له‌ئێستادا هه‌شت هه‌زار كامێرای چاودێری تێدایه، وه‌زاره‌تی ناوخۆش به‌م نزیكانه 5 هه‌زاری تر داده‌نێت.
تارق نوری به‌رێوه‌به‌ری ئاسایشی هه‌ولێر، وتى “له‌هه‌ولێر هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت بۆ كردنه‌وه‌ی شوێنێك مۆڵه‌ت وه‌ربگرێت دانانی كامێرای وه‌كو مه‌رج بۆ داده‌نرێت، ماڵان ئازادن له‌دانانی، به‌ڵام كۆمپانیا‌و ریستۆرانت‌و كافتریا‌و شوێنی بازرگانی‌و پرۆژه‌كانی نیشته‌جێبون مه‌رجه ده‌بێت كامێرای چاودێریان هه‌بێت”.
تارق نوری، رونیكرده‌وه له‌ئێستادا له‌هه‌ولێر راكێشانی هێڵی ئینته‌رنێتی ژێر زه‌وی كێبڵی كامێرای چاودێریش داده‌نرێت‌و شوێنه‌كانی كامێراكانیش دیاریكراون كه پێنج هه‌زار جێگان.
ناوبراو، وتیشی “كامێرا‌كان له‌ڕووی ئه‌مینه‌وه زۆر سودیان بۆ ئێمه هه‌بووه، هیچ شه‌قامێك نیه كه خه‌ڵك پێیدا بڕوات‌و له‌زیاتر له 15 كامێراوه وێنه نه‌گیرێت، زیاتر له‌هه‌شت هه‌زار كامێرای چاودێری هه‌ن، پێنج هه‌زاره‌كه‌ی دیكه‌ش سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌بن‌و زیاتر له‌سه‌ر شه‌قامه گشتیه‌كان داده‌نرێن”.
دانانی كامێرای چاودێری له‌كوردستان دوو جۆره، به‌شێكیان ده‌زگا ئه‌منییه‌كان دایده‌نێن، به‌شێكی تریشیان یان هاوڵاتیان خۆیان دایده‌نێن، یاخود خاوه‌ن كار‌و هۆتێل‌و كۆمه‌ڵگاكانی نیشته‌جێبوون له‌رێی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه ناچار ده‌كرێن كه دایبنێن.
ئه‌م پرۆسه‌یه ته‌نیا له‌هه‌ولێر به‌ڕێوه ناچێت، به‌ڵكو له‌سلێمانیش ئاسایش سه‌رپه‌رشتی ده‌كات‌و له‌فراوانبوندایه، ئاسایشی سلێمانی له‌گه‌ڵ دانانی كامێرای چاودێرییدایه، به‌ڵام وه‌كو هه‌ولێر به‌مه‌رج نایسه‌پێنێت به‌سه‌ر خاوه‌ن كاره‌كاندا.
رزگار حه‌مه‌ره‌حیم، لێپرسراوی به‌شی راگه‌یاندنی ئاسایشی سلێمانی، رايگه‌یاند: وه‌كو پێشنیار‌و رێنمایی، داوا له‌هه‌موو ئه‌و هاوڵاتیان ده‌كه‌ن كه رێ‌یان ده‌كه‌وێته ئاسایش له‌ماڵ یاخود گه‌ڕه‌ك‌و بازاڕ كامێرا دابنێن.
ئه‌و وتی “بوونی كامێرا‌كان زۆر كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاشكراكردنی تاوانه‌كان هه‌بووه، ئه‌گه‌ر وه‌كو وڵاتانمان لێبێت ته‌سه‌ور ده‌كه‌م زۆر كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌مبونه‌وه‌ی تاوان هه‌بێت، حاڵه‌ت هه‌بووه كه خه‌ڵك چووه پاره‌ی ساخته‌ی داوه به‌دوكانداره‌كان به‌كامێرای چاودێری ئاشكرامان كردووه”.
چه‌ند ساڵێكه پۆلیسی هاتوچۆی هه‌رێم بۆ تۆماركردنی سه‌رپێچی یاسا‌و رێنماییه‌كانی هاتوچۆ، كامێرای چاودێری له‌سه‌ر شه‌قام‌و جاده‌كان داده‌نێت، له‌ئێستاشدا پۆلیس بۆ ئاشكراكردنی رووداوه‌كان‌و دۆزینه‌وه‌ی تۆمه‌تباران سودی له‌تۆماری كامێرا‌كان وه‌رده‌گرێت.
ده‌زگا ئه‌مینه‌كان بۆیان هه‌یه به‌فه‌رمانی دادوه‌ر سه‌یری تۆماری هه‌ر كامێرایه‌ك بكه‌ن كه ده‌یانه‌وێت‌و له‌و رێیه‌وه سه‌ره‌داوی تاوانه‌كان بدۆزنه‌وه.
له‌نزیكترین حاڵه‌تدا شه‌وی 25ی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو پۆلیسی هه‌ولێر، توانی تۆمه‌تبارێك دوای ئه‌نجامدانی تاوانێك بدۆزێته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی به‌ئۆتۆمبێلێك دابووی له‌هاوڵاتیه‌ك‌و هه‌ڵهاتبوو.
هۆگر عه‌زیز وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر، وتى “كامێراكانی چاودێری زۆر یارمه‌تیده‌ر بوون بۆ ئاشكراكردنی رووداوه‌كان، به‌راده‌یه‌كی زۆر تۆماره‌كان یارمه‌تیده‌رمان بووه به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و رووداوانه‌ی له شوێنی قه‌ره‌باڵغ روویانداوه”.
وتیشی “تۆماری كامێرا‌كان به‌فه‌رمانی دادوه‌ر به‌كارده‌هێنین‌و ده‌یخه‌ینه سه‌ر سیدی‌و وه‌كو ماده‌یه‌ك بۆ ئاشكراكردنی رووداوه‌كان به‌كاری ده‌هێنین، له‌زۆربه‌ی زۆری شوێنه‌كانی هه‌ولێر كامێرای چاودێری هه‌یه له‌دوكان‌و بازاڕ‌و مۆڵه‌كان”.
ئه‌گه‌ر قه‌یرانی دارایی نه‌بوایه پۆلیسی سلێمانی نیازی هه‌بوو جیا له‌وه‌ی هاوڵاتیان دایانناوه، خۆیشی زۆربه‌ی كوچه‌و كۆڵانه‌كانی شار كامێرای چاودێری دابنێت.
سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د وته‌بێژی پۆلیسی سلێمانی وتى “نوسراومان كرد بۆ پارێزگار كه پێویسته ئه‌و بینایانه‌ی تازه ده‌كرێنه‌وه كامێرای چاودێرییان هه‌بێت، داوامان كردبوو له‌گه‌ڕه‌كه‌كانیشدا كامێرا دابنرێت، به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه شكستی هێنا، وامان دانابوو هه‌موو شه‌قامه‌كان له‌ژێر چاودێری كامێرادا بن، هه‌رچه‌نده ئێستا له زۆربه‌یاندا هه‌یه به‌ڵام پێویست بوو زیاتر بكرێت”.
سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د، رونیكرده‌وه بۆ لێكۆڵینه‌وه زۆر سودیان له‌كامێراكانی چاودێری وه‌رگرتووه به‌تایبه‌ت بۆ رووداوه‌كانی هاتوچۆ‌و ته‌قه‌كردن‌و چونه سه‌ر ماڵان توانیویانه سودیان لێوه‌ربگرن.
زۆربه‌ی ئه‌و كامێرانه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستان به‌كارده‌هێنرێن، له‌وڵاتی چینه‌وه ده‌هێنرێن، هه‌رچه‌نده ساڵانی پێشوو زۆر له‌بره‌ودا بوو، به‌ڵام ئه‌م دوو ساڵه قه‌یرانی دارایی بازاڕی كامێرا فرۆشه‌كانی كه‌مكردوه‌ته‌وه.
فاروق محه‌مه‌د، له‌ساڵی 2012 پێشانگای كامێرای چاودێری له‌شاری سلێمانی داناوه، ساڵانی 2013و 2014 ساڵی دڵخوازی ئه‌و بووه بۆ فرۆشتنی كامێرا.
فاروق وتی “دوكان، سۆپه‌رماركێت، سه‌رتاشخانه، گازینۆو ته‌واوی ئه‌و شوێنانه‌ی كه ده‌بێت مۆڵه‌ت له‌حكومه‌ت وه‌ربگرن ده‌بێت كامێرای چاودێری دابنێن، بوونی كامێرا زۆر ئاساییه مه‌گه‌ر بۆ ئه‌و كه‌سانه خراپ بێت كه تاوانێك ئه‌نجام ده‌ده‌ن”. نرخی كامێرای چاودێری به‌پێی جۆر‌و كوالێتیه‌كه‌ی ده‌گۆڕدرێت له 25 دۆلاره‌وه ده‌ستپێده‌كات تا 200 دۆلار.
ئامانج عه‌بدوڵا، له‌ساڵی 2012ه‌وه له شاری هه‌ولێر ده‌ستی به‌فرۆشتنی كامێرای چاودێری كردوه، به”نیقاش”ی وت “ئاسایش فه‌رمانیكردووه به‌دانانی كامێرای چاودێری ئه‌وه‌ش وایكردوه دوكان‌و بازاڕه‌كان زیاتر كامێرای چاودێری بكڕن”.
ئامانج هاوڕایه له‌گه‌ڵ كامێرا فرۆشه‌كه‌ی سلێمانی‌و ده‌ڵێت “دانانی كامێرای شتێكی باشه‌و زۆربه‌ی رووداوه‌كان كامێرای ته‌حه‌كومی به‌سه‌ره‌وه ده‌كات”.
له‌هه‌رێمی كوردستان پشت به‌هیچ ده‌قێكی یاسایی نابه‌سترێت بۆ دانانی كامێرای چاودێری، پرۆسه‌كه‌ش له‌ژێر چاودێری هیچ ده‌زگایه‌كدا نیه، چونكه زیاتر له‌ساڵێكه په‌رله‌مانی كوردستان په‌كخراوه.
پێش په‌كخستنی په‌رله‌مان، لیژنه‌ی ناوخۆ‌و ئاسایشی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆ كۆده‌بونه‌وه‌و زانیاری‌یان له‌سه‌ر دۆخی ئه‌منی به‌یه‌كتر ده‌دا، به‌ڵام ساڵێكه هیچ ئاگایه‌كیان له‌یه‌كتر نیه.
ئه‌یوب عه‌بدوڵا، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش‌و ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، وتى “هیچ ئامارێك له‌سه‌ر ژماره‌ی كامێراكانی چاودێری لا نییه، چونكه ساڵێكه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆ كۆنه‌بونه‌ته‌وه‌و به‌پاساوی دۆخه ئه‌منیه‌ته‌وه كامێرا داده‌نرێت هیچ یاسایه‌ك نیه”.
وتیشی “پرسیاری ئێمه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ده‌بێت روون بكرێته‌وه كه بۆچی پێنج هه‌زار كامێرای تر له‌هه‌ولێر داده‌نرێن، پرۆسه‌ی دانانی كامێرای چاودێری به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ژێر چاودێری ئێمه‌دا نییه”.
هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان رایده‌گه‌یه‌نن كه كامێرای چاودێری رێژه‌ی تاوانی كه‌مكردووه‌ته‌وه‌و یارمه‌تی داون بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران، به‌ڵام هیچ ئامارێكی به‌راوردكاری ناخانه روو كه راستی ئه‌و زانیاریانه له‌پێش‌و له‌دوای دانانی كامێراكانی چاودێرییه‌وه بسه‌لمێنێت.
زیادبونی كامێراكانی چاودێری هه‌روا به‌بێ ره‌خنه تێناپه‌ڕێت، به‌وه‌ی ئازادی كه‌سی سنوردار ده‌كرێت‌و جموجوڵی هاوڵاتیان ده‌خرێته ژێر چاودێرییه‌وه، ئه‌م بێنه‌و به‌رده‌یه نه‌ك هه‌ر له‌كوردستان، به‌ڵكو له‌وڵاتانی دنیاش قسه‌ی زۆری له‌سه‌ره، بۆ نموونه له‌وڵاتانی وه‌ك به‌ریتانیاو ئه‌مه‌ریكا كه كامێرای چاودێری زۆر هه‌ن، خه‌ڵكی گله‌یی له‌وه ده‌كه‌ن كه كامێرای چاودێری تایبه‌تمه‌ندیان پێشێل ده‌كات، هیچ توێژینه‌وه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ش له‌ئارادا نییه ئاخۆ كامێراكانی چاودێری ده‌توانن رێی له‌تاوان بگرن؟
له‌هه‌ندێ له‌و شارانه‌ی ئه‌مه‌ریكاوه به‌ریتانیا كامێراكانی چاودێری هۆكاربوون بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی دزینی ئۆتۆمبێل له‌پاركه‌كانداو تاوانیان له‌هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه‌دا كه‌م كردووه‌ته‌وه‌و له‌رێیه‌وه تاوانباران دراون به‌دادگا، به‌تایبه‌تیش له‌كرده‌وه تیرۆریستییه‌كانی له‌نده‌ن له 2005و بۆستنی ئه‌مه‌ریكا له 2013 گرنگی ئه‌و كامێرایانه له‌دۆزینه‌وه‌ی تاوانباراندا زیاتر ده‌ركه‌وت، له‌به‌رامبه‌ردا چه‌ندین نموونه‌ش هه‌ن كه ده‌یسه‌لمێنن كامێرای چاودێری رێگر نه‌بووه له‌تاوان‌و هێرش، ره‌نگه هێرشه‌كانی پاریس زیندوترین نموونه بن.
له‌كوردستان جۆری ره‌خنه‌كان له‌به‌رامبه‌ر دانانی كامێرای چاودێری كه‌مێك به‌رفراوانتره‌و ته‌نیا باس له‌رێزگرتنی ژیانی تایبه‌تی ناكرێت، به‌ڵكو ره‌خنه‌ی تریشی لێده‌گیرێت.
پارێزه‌ر سۆران محه‌مه‌د، پێیوایه له‌وڵاته پێشكه‌وتوه‌كان دانانی كامێرا بۆ پاراستنی گیان‌و ژیان‌و ئاسایش‌و سامان‌و سه‌رجه‌م هاوڵاتیانه، له‌كاتێكدا ئه‌مه ته‌واو پێچه‌وانه‌یه له‌هه‌رێم، به‌وه‌ی دانانی كامێرا بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتداران‌و به‌رپرسانه له‌وه‌ی ژیانیان نه‌كه‌وێته مه‌ترسیه‌وه.
به‌ڵگه‌ی ئه‌وه بۆ قسه‌كانی ده‌هێنێته‌وه كاتێك تاوانێك له‌دژی به‌رپرسێك ده‌كرێت زۆر به‌زووی بكه‌ری تاوانه‌كه ده‌ست به‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌ڵام چه‌ندین تاوان له‌لایه‌ن به‌رپرسانی حیزبی باڵا ده‌سته‌وه به‌ئه‌نجام گه‌یه‌ندراوه به‌تایبه‌تی تاوانی كوشتن وێڕای ئه‌وه‌ی له‌ڕێگای ئه‌و كامێرایانه‌وه ئاشكرا بوون، به‌ڵام بكه‌ره‌كه‌ی ده‌ستگیرنه‌كراوه.
سۆران وتى “دانانی كامێرا سنور دانانه بۆ ئازادی تاك‌و كۆمه‌ڵ، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ره‌كه‌كان به‌وه‌ی هه‌موو هه‌ڵسوكه‌وت‌و جموجۆڵێك ده‌خرێته ژێر چاودێری كه‌سانی تره‌وه‌و جاری وا هه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی خراپ به‌كارده‌هێنرێت، هیچ پاڵپشتێكی یاسایی نییه‌و ناكه‌وێته ژێر پانتایی هیچ ده‌قێكی یاسییه‌وه”.
دانانی كامێرا سنور دانانه بۆ ئازادی تاك‌و كۆمه‌ڵ، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ره‌كه‌كان به‌وه‌ی هه‌موو هه‌ڵسوكه‌وت‌و جموجۆڵێك ده‌خرێته ژێر چاودێری كه‌سانی تره‌وه
ئه‌م بۆچوونه به‌رپرسانی ئاسایشی هه‌ولێرو سلێمانی ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه، تارق نوری به‌رێوه‌به‌ری ئاسایشی هه‌ولێر ده‌ڵێت “بونی كامێرا‌كان هیچ ئازادی خه‌ڵكیان سنوردار نه‌كردوه‌و به‌ڵكو رێگری له‌تاوان ده‌كه‌ن”.
به‌هه‌مان شێوه رزگار حه‌مه‌ره‌حیم، لێپرسراوی به‌شی راگه‌یاندنی ئاسایشی سلێمانی ده‌ڵێت “ئه‌و ئازادییه له‌ئه‌وروپا هه‌یه له‌هیچ شوێنێكی تر نیه كه‌چی هه‌مووی كامێرایه، ئه‌مه سنورداركردنی ئازادی كه‌سی نیه‌و هۆكارێكه بۆ دابینكردنی ئه‌منیه‌ت‌و ئارامیه‌و له‌گه‌ڵ ئازادی‌دا به‌ركه‌وتنی نیه”.
له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونانه‌شدا ئه‌وانه‌ی دژی دانانی سیسته‌می كامێرای چاودێرین ده‌پرسن “له‌هه‌موو ئه‌و تاوانی كوشتنانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پێ تۆمه‌تبار ده‌كرێت له‌كوشتنی رۆژنامه‌نووسانه‌وه تا كوشتنی كه‌سایه‌تییه دیاره‌كان، بۆچی له‌یه‌كێكیاندا كامێرای چاودێری نه‌یتوانی بكه‌ره‌كان بدۆزێته‌وه؟”
نقاش