وتیان ئەمساڵ باران نابارێت، بەڵام خوا بەرەحم و گەورەیە و دیسان ئاسمانی شارەکانی کوردستانی پڕ کردەوە لەهەور و ئەمجارەش باران شەقام و کۆڵان و دەشت و چیاکانی بەسەر کردەوە.
ئەوانەی حەزیان بەباران و کەشی باراناوییە لە رۆژێکی وەک ئێستا ئەم شتانە لەکیس خۆتان مەدەن:

نازانین هەر سروشتی کورد وایە یان گەلانی تریش وان. هەر کە باران دەبێت یەکسەر دڵت داوای دۆڵمە و دۆغەوا و ترخێنە دەکات. کاتێکیش قاپێک کفتەی ماڵە دراوسێش خۆی دەکات بە ژورا رێک دەبێت بە جەژن.

خۆ ئەگەر کەسێکی سەرکەشیت ئەوا دڵت پیاسەیەکی ناوبازاڕ و شەقامی مەولەوی دەوێت و لەخۆتەوە واهەست دەکەیت ئیشێکی زۆر موهیمت کردووە بەڵام راستیشت دەوێت پیاسەی ژێر بارانیش پیاوی بەجەرگی دەوێت.

هەر لەخۆتەوە لەو کاتانە دەبیتەوە کوردێکی رەسەن و حەزت دەچێتەوە دەنگی حەسەن زیرەک وماملێ، تومەز حەزت بەگۆرانی باران بارانەیە:http://www.youtube.com/watch?v=kow4qQQMh2s

یەکێک لەو شتانەی لەکاتی باران بارینیش زۆر خۆشە پاقلە و شێلمی کوڵاوە، بێگومان هی ماڵەوە نا، بەڵکو هی سەرعارەبانە، کەسیش نازانێ بۆ !

ئەگەر کارەبا هەبوو ئەوا یەکسەر دەتەوێت لەبەردەم سۆپا بەتانییەک بدەیت بە خۆتدا سەیری فیلمێک بکەیت، بەتایبەتی فیلمی ڕۆمانسی یاخود فیلمی سەری ساڵ و بابا نوئێل، دڵنیاشم زۆربەتان ئەم فلیمەتان بینیوە.

بێگومان گوڵەبەڕۆژە قرتاندن و وچای گەرم و زەمی کەسوکار و قسەی خۆشیش هەر بەباران تام و چێژی زیاترە.

یەکێک لەوشتانەی کە لەڕۆژێکی باراناوی زۆر خۆشە برژاندنی نانە ڕەقە لەسەر سۆپا، نازانین باوی ماوە یان نا ؟ بەڵام بەلای کەمەوە بەهۆی سەرماوە هەموو لەنزیکی سۆپاوە دادەنیشن و دوای ئەوەی تەکنەلۆژیا لەیەکتری دوورخستنەوە جارێکی تر بەیەکتر شاددەبنەوە.