هەموو ماڵێک سێ بۆ پێنج ھەزار دینار کرێی کۆکردنەوەی زبڵی لێ وەردەگیرێت


وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئەو بڕە پارەیەی ئاشکرا کرد کە وەک کرێی کۆکردنەوەی زبڵ لە ھاووڵاتییان وەردەگیرێت.
 
رۆژی چوارشەممە 18/1/2017، نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە ئەنجومەنی وەزارەت کۆ بووەوە و پێشنیازی کرد خەڵک هاوکاریی حکوومەت بێت لە هەڵگرتنەوەی زبڵ، دواتریش ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی کرد.
 
نەورۆز مەولوود لەبارەی دیاریکردنی بڕەکە بۆ هەر گەڕەکێک، رایگەیاند، کە وەزارەت دەسەڵاتی بە شارەوانییەکان داوە برەکە لە نیوان سێ بۆ پێنج هەزار دیناری مانگانە بۆ ماڵەکان دیاری بکەن، کە بەپێی باری دارایی دانیشتووانی گەڕەکەکانەوە دیاری دەکرێت.
 
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار هەروەها رایگەیاند، وەرگتنی پارەی زبڵ هەموو دانیشتووان بە فەرمانبەر و هاوولاتییانی ئاساییش دەگرێتەوە و پارەکەش وەک شایستەی دارایی دەردێتە کۆمپانیاکانی پاککردنەوە و مووچەی کرێکارەکان.
 
بە گوتەی نەورۆز مەولوود، بڕیارەکە کاتییە و تاوەکو نەمانی قەیرانی داراییە، ”ئەگەر قەیران نەمێنێت، وەکو وڵاتانی جیھان، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێوشوێنی دیکە دەگرێتە بەر”.