كۆمسیۆنی نەوت و گازی پەرلەمانی عیراق، لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی دزینی نەوتی خاو لە بەندەرەكانی پارێزگای بەسرە دەكات.
ئارێز عەبدوڵا سەرۆكی كۆمسیۆنی نەوت و گازی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، لیژنەكەیان لە رێگەی دەزگاكانی راگەیاندنەوە گوێبیستی ئەوە بوون، كە بەهۆی نەبوونی پێوەر بڕێكی زۆر لە نەوتی خاو لە بەندەرەكانی پارێزگای بەسرە دەدزرێت، جەختی لەوەشكردوە كە لیژنەكەیان لێكۆڵینەوە لەو دۆسیەیە دەكات.
ئارێز عەبدولا ئاماژەی بەوەشكرد، كۆمسیۆنی نەوت و گاز نوسراوی ئاڕاستەی وەزارەتی نەوت كردووە تاوەكو بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بكات، وتیشی لەچەند رۆژی داهاتووشدا لەسەر ئەو دۆسیەیە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وەزارەتە دەكەن.
ئەم لێدوانەی سەرۆكی كۆمسیۆنی نەوت و گازی پەرلەمانی عیراق، دوای ئەوە هات كە لە چەند رۆژی رابردوودا چەند ئەندام پەرلەمانێك وتبوویان كە بەهۆی نەبوونی پێوەرەوە رۆژانە نزیكەی 300 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە بەندەرەكانی پارێزگای بەسرە دەدزرێتو بەهای ئەو نەوتە دزراوەش نزیكەی 20 ملیۆن دۆلارە لە رۆژێكدا.