لەسەدا ٤٠%ی ئاردی تورکیا بۆ عێراق ھەناردە دەکرێت


سەرۆکی فیدراسیۆنی بەرھەمھێنەرانی ئارد لە تورکیا، “ئەرەن گیونھان ئوڵوسۆی” رایگەیاند کە تورکیا %٤٠.٢ی ھەناردەی ئاردی بۆ عێراق ئەنجامداوە و بڕی ھەناردەکراو بۆ ئەو وڵاتە بریتی بووە لە یەک ملیۆن و ٢٩١ ھەزار و ١٦٢ تۆن.

لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئوڵوسۆی باسی لەوە کرد کە ساڵانە لە تورکیادا، ٢٠ ملیۆن تۆن گەنم بەرھەمدەھێنرێت و لە باشترین و خراپترین ھەل و مەرجیشدا ئەو بڕە لەنێوان ١٦ بۆ ٢٤ ملیۆن تۆن دەگۆڕێت.

ئوڵوسۆی ئەوەشی خستەڕوو کە تورکیا لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا ئاردی بۆ ١٥٠ وڵات ھەناردە کردووە و زۆرترین رێژەشی بۆ عێراق ھەناردە کردووە کە %٤٠.٢ بووە و بریتی بووە لە یەک ملیۆن و ٢٩١ ھەزار و ١٦٢ تۆن. لە دوای عێراقیش تورکیا زۆرترین رێژەی ئاردی بۆ سودان ھەناردە کردووە کە %١٦.٢ بووە و بڕەکەی بریتی بووە لە ٥١٩ ھەزار و ٥٩٠ تۆن، پاش ئەویش بۆ سووریا بووە کە %١٠.٧ بووە و بڕەکەی بریتی بووە لە ٣٤٣ ھەزار و ٨٢٣ تۆن.

ئەو وڵاتانەی کە لە ریزبەندی ئەو ١٠ وڵاتەدان کە تورکیا زۆرترین ھەناردەی ئاردی بۆ کردوون بریتین لە ئەنگۆلا، فلیپین، ماداگاسکار، ئیندۆنێزیا، بەنین، ئیسرائیل و غانا.