كاریگەری قەیرانی دارایی لەسەر جێبەجێكردنی پڕۆژەكان ‌ ‌


بەهۆی قەیرانی داراییەوە، زیاتر لە 100 پڕۆژە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان راگیراوەو جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بۆ كاروباری هونەریش بڕی ئەو پارەیە ئاشكرا دەكات، كە بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكان پێویستە.

یونس ئەحمەد جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بۆ كاروباری هونەری بە ماڵپەڕی (SNN)ی راگەیاند، قەیرانی دارایی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی سنووری ئیدارەی گەرمیانی وەستاندوە، كە ژمارەی ئەو پڕۆژانە ١١٤ پڕۆژەیەو لەكاتێكدا زۆربەیان لەساڵی ٢٠١٣دا بەردی بناغەیان دانراوە.

وتیشی: «چوار پڕۆژەی ساڵی ٢٠١١ تائێستا تەواو نەكراون، كە دەبوایە لەسەر بودجەی تەواوكاری دوو (نەوت)و بودجەی ناوچە لێكەوتووەكان‌و گەشەپێدانی پارێزگاكان جێبەجێ بكرایە».

جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بۆ كاروباری هونەری ئاشكراشیكرد، بۆ تەواوكردنی سەرجەمی ئەو ١١٤ پڕۆژەیە، ئیدارەی گەرمیان پێویستی بە ٦٥٠ تریلیۆن‌و ٣٤٨ ملیارو ٦٤١ ملیۆن‌و ٤٧٦ دینارە.

لەلایەكی دیكەوەو هەر بەهۆی قەیرانی دارایی هەرێمەوە، چەندین پڕۆژەی گرنگ‌و ستراتیژی لە سنووری قەزای رانیە راوەستاون، كە بەهاكەیان بە نزیكەی نۆ ملیار دینار دەخەمڵینرێت.

سەردار ئەحمەد سەرۆكی شارەوانی رانیە بە كەناڵی گەلی كوردستانی راگەیاند، ساڵی 2016 وەك سەرجەم شارەكانی تری هەرێم بەهۆی بەردەوامی قەیرانی داراییەوە نەتوانرا پڕۆژەكانی سنوورەكە جێبەجێ بكرێت‌و سەرجەمی پڕۆژەكانی خزمەتگوزاریش لەشاری رانیە كاركردن تیایاندا راگیراوە.

وتیشی: «زۆرینەی پڕۆژە راگیراوەكانی شاری رانیە پەیوەندی راستەوخۆیان بەژیانی هاووڵاتیانەوە هەیەو كارنەكردنیش تێیاندا بۆتە هۆكاری پەكخستنی ئیش‌و كاری هاووڵاتیان».