کۆڕبەندی ساڵانەی ئابووریی جیھان رۆژی سێشەممە ١٧ کانوونی دووەمی ٢٠١٧ بە بەشداری رێبەرانی سیاسی و ئابووری جیھان و ناوچەیی، ئەکادیمی و پیشەسازی لە داڤۆسی سویس دەستپێدەکات.
بەپێی خشتەی کاری کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی لە ریزی ئەو کەسانە دایە کە گوتاری دەبێت و بەشداری لە پانێلەکانی دەکات.
کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس تا رۆژی ٢٠ ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و سەرباری تاوتوێکردنی پرسی ئابووری و رەھەندە جیاوازەکانی، پرسە سیاسییەکان و پەیوەندیی نێوان وڵاتان و کێشە جیھانییەکان دەخرێتەڕوو.
کۆڕبەندی ئابووریی جیھان لە ساڵی ١٩٧١ لە لایەن کلاوس شواب پرۆفیسۆری ئەڵمانی زانکۆی ژنێڤ دامەزرا، لە سەرەتادا ناوی “کۆڕبەندی بەڕێوەبەرایەتی ئەوروپا” بوو، ئامانجیشی کۆ کردنەوەی رێبەرانی ئابووری و سەرمایەدارانی ئەورووپا بوو، بەڵام دواتر لە ساڵی ١٩٨٧ بۆ ” کۆڕبەندی ئابووریی جیھان” گۆڕا و پرۆگرامەکانی بۆ پلاتفۆرمی چارەسەرکردنی ناکۆکییە جیھانییەکان فراوانتر کران.